هەولێر دیجیتاڵ
کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەی حەوتی ئەم مانگەوە نزیکەی 19 هەزار کتێب و گۆڤار و رۆژنامەی کوردی و عەرەبی لەنێو چوون. بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت: "22 سپلیتی ستوونی و داتاشۆ و میکسەرێکیش سووتاون."
رۆژی چوارشەممە، 17ی 12ی 2025، هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەواوی کەلوپەرلی نێو کتێبخانەکە لەنێو چوون؛ بە دەگمەن شتی تێدا دەرچووە؛ نزیکەی 19 هەزار کتێب، گۆڤار و رۆژنامە بەتەواوی خراپ بوون."
رۆژی سێشەممە 09-12-2025 لافاو لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان هەستا، بە گوێرەی ئامارەکان 3 کەس گیانیان لەدەستداوە. قائیمقامی ئەوکاتی چەمچەماڵ گوتی، زیان بەر 500 ماڵ و 100 دووکان کەوتووە. کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵیش یەکێکە لەو دەزگایانەی زیانی زۆری بەرکەوتووە.
کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ لە ساڵی 1976دا دروستکراوە؛ بە گوتەی بەڕێوەبەری کتێبخانەکە، 10 هەزار کتێبی کوردی و عەرەبی، سێ هەزار گۆڤای کوردی و عەرەبی، لەگەڵ شەش هەزار رۆژنامەی کوردی و عەرەبی لەنێو چوون.
هێرش عەبدولڕەحمان روونیکردەوە کە باڵەخانەی کتێبخانەکە دوو بەشە و 6 سانتیم لە یەکدی دوور کەوتووەتەوە. هاوکات 22 سپلێتی ستوونی و داتا شۆ و میکسەرێکیش بەر شاڵاوی لافاوەکە کەوتوون.
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "پێویستە ئەندازەی کارەبایی باڵەخانەکە سەرلەنوێ دابنرێتەوە و دووپارە بیناکە رێکبخرێتەوە."
بە گوێرەی بەڕێوەبەری کتێبخانەی چەمچەماڵ، سەتان کتێبی مێژوویی، زانستی و پزیشکین کە دەستناکەون؛ هاوکات کۆمەڵێ گۆڤار و رۆژنامەی تێدا کۆکرابووەوە؛ هاوکات لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش کتێب بۆ کتێبخانەکە رەوانە کرابوون و هەموویان لەنێو چوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ