رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەرز راگیرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
هەولێر دیجیتاڵ

بە بڕیاری پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە 17ی کانوونی یەکەمدا بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی وەرزشی و دیدەوانیی دامودەزگە حکومییەکان، قوتابخانە و خوێندنگەکان رۆژی ئاڵای کوردستان وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی بەرز رادەگرن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی 12ی 2025، رۆژی ئاڵا چوار رەنگە گەشاوەکەی کوردستانە، لە زۆرینەی شارەکانی باشووری کوردستان بەرز راگیرا.
 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەیانیی زوو ئاڵای کوردستانی لە قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە تەکیەی کاکەمەندی سەر بە قەزای چەمچەماڵ بەرزکردەوە؛ هاوکات گوتارێکی پێشکێش کرد و پاڵپشتیی وەزارەت و حکومەتی بۆ خەڵکی ناوچەکە دووپات کردەوە.
 
لە پەرلەمانی کوردستانیش لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا یادەکە بەرز راگیرا.
 
لە بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لەوانە لە شاری کەرکووک، بەشێک لە قوتابخانە کوردییەکان ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد. لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کەرکووک لە رێوڕەسمێکدا یادەکەی کردەوە و ئاڵا چوار رەنگەکەی کورد بەرز کرایەوە.
 
رۆژی 19ی 6ی 2004، پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 بڕیاریدا رۆژی 17ی 12ی هەموو ساڵێک بە رۆژی ئاڵا دیاری بکات، بۆئەوەی نەوەکان و رۆڵەکانی ئەم گەلە بەرزیی ئاڵاکەیان لە بیر نەکەن و لەپێناو بەرزهێشتنەوەی تێبکۆشن.
 
رۆژی 20ی 6ی 2011یش ئەنجوومەنی وەزیران رۆژی 17ی 12ی وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکرد و فەرمانی دا کە بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی وەرزشی و دیدەوانیی سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان، قوتابخانە و خوێندنگەکان ئاڵای پیرۆزی کوردستان وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی بەرز رابگرن.
 
دیاریکردنی رۆژەکە بۆ 1945/12/17 دەگەڕێتەوە کە بۆ یەکەمجار لە شاری مهاباد ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە