رووداو دیجیتاڵ
لە وەرزی زستان بازاڕی جل و پێڵاوی لەنگە لە بازاڕی گەورەی سلێمانی گەرم دەبێت. تایبەتمەندی جل و پێڵاوی دەستی دوو لە بازاڕی كۆنەفرۆشانی سلێمانی لەوەدایە بەشێکی زۆریان براندن و بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێن، بۆیە تەنانەت گەشتیارانیش روو لەم بازاڕە دەکەن.
عەلی ئیبراهیم کڕیاری لەنگە و خەڵکی پارێزگای بابل دەڵێت "هەموو وەرزێکی زستان دێین بۆ سلێمانی و لەنێو لەنگەی سلێمانی لێرە دەگەڕێین، چونکە براندەکانی جیهانین، نرخەکانیش گونجاون، لە نوێ باشترن، نوێکە گرانترە و نرخی زۆرە، زۆر لە لام نامێنێتەوە، بۆیە دێین بۆ ئێرە، دیزاینی جوان هەن، براندی جیهانین، پێمانخۆشە لێرە بکڕین".
خانمانیش هاوشێوەی پیاوان سەردانی بازاڕی لەنگە لە سلێمانی دەکەن ژنێک کە تەمەنی نزیکەی 30 ساڵە، بەو هیوایەی پۆشاکی کوالێتی بەرز و هەرزانیان دەستکەوێت.
شێرکۆ محەممەد فرۆشیاری پێڵاوی لەنگە دەڵێت "ئەم بازاڕە لە نەوەتەکانەوە دروست بوو، لە 92 و 93ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، خەڵکی دێنە ئێرە، کورد و عەرەب دێنە ئێرە، چونکە کوالێتی باشە و نرخەکانیش گونجاون، نرخی کەلوپەلەکان گونجاون، کوالێتیش، دروستکراوی نوێ و بێکوالێتی و چینی خراپن، خەڵکی بە نرخێکی زۆر دەیانکڕن و سوودیان لێنابینن".
سەرباری ئەوەی ژیان گوزەراندن ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو ئاسانترە، بەڵام کەلوپەلی دەستی دوو لە زۆربەی زۆری شارەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا کڕیاری خۆیان هەیە، چونكە هەژاران و ئەو کەسانەی کە تامەزرۆی کوالێتی باش و براندی جیهانین بە نرخێکی کەم، روو لە بازاڕەکانی لەنگە دەكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ