رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیستۆنیا لە پاش سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەسفی هەولێر دەکات و دەڵێت، "سەرنجڕاکێشە بینینی هەولێر کە بەو خێراییە گەشە دەکات".
ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا رۆژی چوارشەممە، 17-1-2024 لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی ئیستۆنیا لە پاش سەردانەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسینێکی بڵاوکردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی، "چاوم بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کەوت. هاوکاریی ئەمنیمان بەرز دەنرخێنم. سوپاس بۆ میوانداریکردنی سەربازەکانمان؛ ئیستۆنیا چالاکانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەشدارە. سەرنجڕاکێشە بینینی هەولێر کە بەو خێراییە گەشە دەکات. هاوکاریی بەهێز لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هاوئاهەنگی زیاترمان".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئالار کاریس، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، جگە لە هاوبەشیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەمارگرژی، خوازیارن سوود لە پسپۆڕی و ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ئیستۆنیا وەربگیرێت، لەوانەش بواری ''ئایتی و حکومەتی ئەلیکترۆنی'' کە وەک دەڵێت، ئیستۆنیا تێیاندا پێشەنگە.
ئەوە یەکەمجار بوو سەرۆکی ئیستۆنیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
ئیستۆنیا وڵاتێکی بچووکی باکووری رۆژهەڵاتی ئەوروپایە و پایتەختەکەی تالینە.
دوای سەربەخۆبوونی لە ساڵی 1991، سیاسەتی ئەو وڵاتە هاوتەریب بوو لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و لە 2004دا بووە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.
ژمارەی دانیشتووانی ئیستۆنیا یەک ملیۆن و 331 هەزار کەسە و رووبەرەکەی 45 هەزار و 340 کیلۆمەتر دووجایە؛ ئیستۆنی زمانی فەرمییە و خاوەنی 250 هەزار سەربازە کە 4000یان چالاکن.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014ـەوە بە ناردنی چەک یارمەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقی داوە و نزیکەی 9 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریشی بۆ بواری مرۆیی، هەڵگرتنەوەی مین و سەقامگیری تەرخانکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ