رووداو دیجیتاڵ
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی جارێک و پارتی دوو جار سەردانی کردوون، بەڵام ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە.
دوای کۆبوونەوەی هەردوو فراکسیۆنی هەرێمی کوردستان و بەغدای جووڵانەوەی نەوەی نوێ، رۆژی شەممە 18-1-2025، شاسوار عەبدولواحید بڕیارەکانی جووڵانەوەکەی سەبارەت بە بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەت، بە میدیاکان راگەیاند.
شاسوار عەبدولواحید: پارتی شەش وەزارەتی پێداوین
سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی پارتەکەی لە کابینەی نوێی حکومەت، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ گوتی "بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی پێش یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، جارێک سەردانی کردووین. هەروەها پارتی دوو جار سەردانی کردووین."
لە دوایین گفتوگۆکانیاندا کە شاندەکە بە گوتەی شاسوار عەبدولواحید "سێ، چوار برادەری نەوەی نوێی تێدا بوو کە لەگەڵ شاندەکەی پارتی کۆبوونەتەوە، ئەوان گوتوویانە پارتی دیموکراتی کوردستان بەنیازە حکومەت پێکبهێنێت، ئامادەیە شەش وەزارەت بە وەزیر، بریکار و بەڕێوەبەری گشتییەوە بداتە نەوەی نوێ. واتا جگە لە پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم، ئامادەییان تێدایە قسە لەسەر هەموو پۆستەکان بکەن."
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەروەها رایگەیاند، پارتی ئامادەیی نیشانداوە بۆ پێدانی پۆستی 20 بریکاری وەزیر و 30 پۆستی دیکەی گرنگی سیاسی و راوێژکار بە نەوەی نوێ.
"بەشداری لە حکومەتێک دا ناکەین کە دەسەڵاتمان نەبێت"
شاسوار عەبدولواحید سەبارەت بە ئەگەر و چۆنیێتیی بەشداریکردنیان لە حکومەت گوتی "ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە حکومەتێکدا ناکەین ئەگەر دەسەڵاتمان نەبێت. ئەگەر نەزانین، دەتوانین ئەو بەڵێنانەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە خەڵکمان داوە، جێبەجێی بکەین، ئێمە بە چەند پۆستێکی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی (ناڕۆینە حکومەت)، ئێمە نە کوشتەی پۆستین و نە بۆ پۆستیش رادەکەین. ئەوەی لامان گرنگە ئەو بەڵێنانەن کە لە بانگەشە داومانەتە گەنج و خەڵک بۆ لابردنی باج، رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و پلەبەرزکردنەوە. ئەگەر ئەمانەمان بۆ جێبەجێنەکرێت، بەم شێوازەی ئێستا وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێنینەوە. چونکە بەشداری لە حکومەتێک دا ناکەین کە دەسەڵاتمان تێدا نەبێت."
شاسوار عەبدولواحید هەروەها باسی لەوە کرد 16 خاڵیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان داوە و ئەگەر جێبەجێیان بکات، بەشداری لە حکومەتدا دەکەن.
لەو خاڵانە وەک سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی کرد "دەسەڵاتی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، قەرزی بیناسازی، قەرزی هاوسەرگیری، گۆڕانکاری لە سیستمی دادوەری و چەندین بابەتی دیکە هەن. ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێنەکرێن، بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە حکومەتدا ناکەین."
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا رایگەیاند، دەبوو لە ماوەی 45 رۆژدا پەرلەمانی کوردستان یەکەم دانیشتنی کردبا، تێیدا سوێندیان خواردبا و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش هەڵبژێدرابووایە.
شاسوار عەبدولواحید ئەمەی بە لادان لە رێکاری یاسایی وەسفکرد و پارتی، یەکێتی و فراکسیۆنەکانی دیکەی بە بەرپرسیار لە قەڵەم دا.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن "نەوەی نوێ رێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ لایەنێک یان چەند لایەنێکدا هەیە"، شاسوار عەبدولواحید رووی دەمی لە تەواوی پارتە سیاسییەکان، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و گوتی "ئێمە 15 کورسیمان هەیە، لەگەڵ کورسییەکانی یەکێتی و دوو کورسیی کۆتای سلێمانی دەکاتە 40 کورسی. ئەگەر کورسییەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی بخرێتە سەر کە 10 کورسییە، دەکاتە 50 کورسی. بە تەنیا 50+1 دەکات. بێگومان 8 کورسیی دیکەی لایەنەکانی دیکەش هەن، ئەگەر یەکێتی و تەواوی لایەنەکانی دیکە کە تۆمەت بۆ ئێمە دروستدەکەن، دەتانەوێت پۆستی سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی نەبێت، فەرموون وەرن لەسەر بەربژێرێکی سەرکوەزیران رێکبکەون جا هەر چ بەربژێرێک بێت، بەڵام پارتی نەبێت، هەر 15 پەرلەمانتاری ئێمە دەنگ بەو کابینەیە دەدەن، بێ ئەوەی یەک وەزارەت و پۆست و داواکاریشمان هەبێت. من حەزدەکەم و بەجددیشمە و حەزدەکەم گفتوگۆ لەسەر ئەمە بکەن."
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ جەختیکردەوە لەوەی هۆکاری دواخستنی بڕیارەکەیان لە بەشداریکردن یان بوونە ئۆپۆزیسیۆن لە حکومەت بۆ ئەوەیە بزانن؛ ئەو مەرجانەی دایانناون بە کوێ دەگەن. هاوکات چاوەڕێی لایەنەکان، جگە لە پارتی دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییە دەدەنەوە کە بۆیان کردوون.
شاسوار عەبدولواحید هەروەها دووپاتیکردەوە ئەوان جگە لە پارتی، دەتوانن 50+1 پێکبهێنن و ئەو بانگەوازەیان کردووە، چاوەڕێی وەڵامی ئەوانیش دەکەن، گوتیشی ئەگەر پارتی بە مەرجەکانیان رازی بێت، بوێرانە دەڕۆنە نێو پەرلەمان و تەواوی هێزی خۆیان بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەکاردەهێنن.
شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەوان پێیان وا نییە کێشەی حکومەت بەو 50 کەسە چارەسەر بکرێت، کە نەوەی نوێ دەیاننێرێتە نێو حکومەت. هاوکات بە پێویستی زانی حکومەت لە چنگی حیزب دەربهێندرێت.
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 20-10-2024 بەڕێوەچوو، ژمارەی کورسیی پارت و لایەنەکان بەمشێوەیەیە:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامی: 7 کورسی
هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەری: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانی هەرێمی کورستان: 1 کورسی
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان: 5 کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ