بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

18-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی شەوی رابردوو وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بۆ 10 کاژێر پەستانی گاز کەمبووەتەوە و 750 مێگاوات کارەبا بەو هۆیەوە کەمبووەتەوە"، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی دەڵێ، دۆخی پەستان ئاسایی بووەتەوە و کارەباش بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات.
 
ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەی پەستانی گاز ئەمڕۆ لە کۆمپانیای دانەگازەوە چارەسەرکرا و دۆخەکە ئاسایی بووەوە".
 
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی کە سەرپەرشتی کۆنترۆڵی کارەبای هەڵەبجەشی لە ئەستۆدایە، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا بۆ پێش کێشەی پەستانی گاز 24 کاژێری دیکەی پێویستە و سبەی دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە".
 
غالب محەممەد ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە دۆخی ئاساییدا 6 بۆ 7 کاژێر کارەبا دەدەن، بەڵام دوێنێ لە 24 کاژێردا نزیکەی 4 کاژێر کارەبا دراوەتە ئەو دوو پارێزگایە؛ گوتیشی: "دۆخی هەولێر و دهۆک کەمێک لە ئێمە باشترە و نزیکەی یەک کاژێر کارەبا زیاتر دەدەن".
 
لە روونکردنەوەیەکدا کە درەنگی شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی گاز، بۆ ماوەی 10 کاژێر پەستانی غاز كەمبووەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە."
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەهۆی هەندێک گرفتی تەكنیكییەوە کارەکان دواكەوتووە و بەپێی ئەو پلانەی كۆمپانیای دانەغاز دایناوە بڕیارە تاوەکو کاژێر (08:00)ی بەیانیی رۆژی شەممە دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە."
 
هەر لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە: "تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی 250 مێگاوات كارەبایان لە هەردوو وێستگەی دووکان و دەربەندیخان زیاد كردووە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.