لە شاری دوسەڵدرۆف کۆنگرەی نیشتمانیی ئێزدییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو

18-01-2025
رووداو @Rudawkurdish
ئیبراهیم سمۆ، یاساناس و یەکێک لە سەرپەرشتە سەرەکییەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی ئێزدییانی رۆژئاوا
ئیبراهیم سمۆ، یاساناس و یەکێک لە سەرپەرشتە سەرەکییەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی ئێزدییانی رۆژئاوا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینیی رابردوو لە دوسەڵدۆرف دوور لە باسی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا، کۆنگرەی نیشتمانیی ئێزدییانی رۆژئاوا بەڕێوەچوو، تێیدا باسی ئاییندەی رۆژئاوای کوردستان و رۆڵی ئێزدییەکانی رۆژئاوا کرا.
 
لەو کۆنگرەدا ژمارەیەک ئێزیدیی رۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە، بۆئەوەی نوێنەرایەتییەک دروست بکەن تاوەکو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نوێی شام بکەونە دانوستاندنەوە، بۆئەوەی مافەکانی ئێزدییەکان لە سووریای نوێی دوای ئەسەد لە دەستوور و یاسادا بە فەرمی بناسرێن.
 
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەورووپا لەنێو کۆنگرەکە بوو، ئەو لەگەڵ ئیبراهیم سمۆ، یاساناس و یەکێک لە سەرپەرشتە سەرەکییەکانی کۆنگرەکە گفتوگۆیەکی کرد کە ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە:
 
رووداو: بە بۆچوونی تۆ دەبێت چی بکرێت، بۆ ئەوەی مافەکانی ئێزدی لە دەستووردا یان لە یاسا نوێیەکانی سووریادا بپارێزرێن؟ بەلای ئێوەوە چی گرنگە، دەبێت پشتیوانییەکی سیاسی هەبێت، یان یەکگرتوویی ئێزدییەکان هەبێت یان پێویستی بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە؟
 
ئیبراهیم سمۆ: پێش هەموو شتێک، یەکگرتنی ئێزیدییەکان پێویستە و دواتریش پشتیوانییەکی سیاسی پێویستە و پشتیوانییەکی نێودەوڵەتییش پێویستە، ئەو سێ فاکتەرە زۆر گرنگن بۆ داهاتووی سووریا و داهاتووی ئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکە. تائێستا ئێمە کۆدەبینەوە، راوێژ دەکەین چی پێویستە و چی پێویست نییە، پێشتر دەمانگوت با بیربکەینەوە ئێمە چیمان دەوێت و دەبێت پەلە بکەین، ئەوەی چەندین ساڵ پێش ئێستا لە سووریا روویدا بەڕاستی قەیرانێکی گەورە بوو ئەو وڵاتە پێیدا تێپەڕی، میلـلەتەکەشی لێک بڵاوبووەوە، ئێزدییش وەکو پێکهاتەیەک لەو کۆمەڵگایە، بۆیە هەوڵ و توانایەکی زۆر پێویستە و چۆن دەتوانین شتێک بەدەستبخەین.
 
رووداو: وەڵامەکەم راستەوخۆ وەرنەگرت، بەڵام وا دیارە کە هیچ لەم سیانە ئێستا نییە، نە یەکگرتوویی، نە پشتیوانیی سیاسی، نە پشتیوانیی نێودەوڵەتی؟
 
ئیبراهیم سمۆ: بەڕاستی هەوڵدەدەین یەکێتیی ئێزدییەکان بەدەستبهێنین پێش هەموو شتێک و دواتر بیربکەینەوە چۆن بەرەو کوێ دەڕۆین، چۆن بیردەکەینەوە و ستراتیژیەتێک دادەنێین، ئەو ستراتیژییە بەڕاستی گرنگە، پشتیوانیی نێودەوڵەتی و سیاسی هەردووکیان گرنگن، بە بۆچوونی من ئەمڕۆ دەبینم ئێزدییەکان ئامادەن بەرەو پرسی خۆیان بڕۆن، رەنگە پێشتر ئەو ئامادەییەی ئێزدییەکان نەبوبێت، ئێستا ئامادەن بەرەو پرسی خۆیان بڕۆن و خاڵەکانی خۆیان، یانی بوونی شتێک، بوونی خۆیان بە تایبەتمەندییەکانی خۆیانەوە راست بکەنەوە.
 
رووداو: ئەگەر داوات لێ بکرێت، لە دەستووری نوێی سووریادا مافەکانی کورد بە تەواوی نا، بەڵام تەنیا ئێزدی دیاری بکەیت، تۆ جەخت لەسەر چی دەکەیتەوە و دەتەوێت چی لەو دەستوورەدا هەبێت؟
 
ئیبراهیم سمۆ: بەڕاستی مەسەلەی کۆتا زۆر گرنگە، کۆتای ئێزدی، لەبەر ئەوەی ئێزدییەکان ژمارەیان کەمە، کۆتا بە مانای مافەکانیانە، ناویشیان باس کرا پێکهاتەیەکی ئیتنۆگرافییە، بەڵام پێکهاتەیەکی ئایینییە، یانی باس بکرێت بۆئەوەی لە داهاتوودا لەنێو هەر یاسا و رێسایەکی سووریای داهاتوودا دەکرێت، ئەوەش ببێتە گەرەنتییەک.
 
رووداو: پێویست ناکات بڵێن کە ئێزدی وەکو ئاینێکی سەربەخۆ دانی پێدا بنرێت و دەبێت ئێزدی خۆیان و ئایین و کولتووریان بپارێزرێن، ئەم وردەکارییانەش باس دەکەن یان بەجێی دەهێڵن بۆ دوایی؟
 
ئیبراهیم سمۆ: بە بڕوای من ئەم وردەکارییانە ئەگەر باس بکرێن تاچەند دەتوانن بگەنە جێبەجێکردنی سیاسی، ئەوە جێبەجێکردنی سیاسی دیاریی دەکات، چەند ئێزدییەکان ژیر دەبن لەو جێبەجێکردنە سیاسییەدا و دەتوانن مافی خۆیان چەند فراوان بکەن، بەڕاستی باشتر دەبێت بە بڕوای من، بەتایبەتی زۆر گرنگە ئەم دەربڕینەی تۆ باست کرد، باس کران؛ هێشتا لەوە زیاتر داواکارییەکی فراوانترمان هەیە، بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت هەموو شتێک بەدەستبخەین، لەبەر ئەوەی ئێزدییەکان بەپێی ژمارەی خۆیان داواکاری بکەن، ئەو کاتە ئەو هەڵوێستە زەحمەت دەبێت، بۆیە پشتیوانیی سیاسی و نێودەوڵەتییش پێویستە، تاوەکو بتوانن مافەکانی خۆیان لە سووریای داهاتوو دیاری بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.