رووداو دیجیتاڵ
پێنج مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستپێکردنی خوێندن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دەوام نەکراوە. نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، لە سلێمانی بایکۆت کۆتایی هاتووە و لە هەڵەبجە 100% بەردەوامە.
13ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، زەنگی خوێندنی ساڵی 2023-2024 لێدرا، بەڵام مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد و بەهۆیەوە دەرگەی قوتابخانەکان لەکاتی خۆیدا نەکرانەوە.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، "بایکۆت لە سلێمانی کۆتایی هاتووە و دەوام بە تەواوی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە هەڵەبجە و قەزای پشدەر 100% بایکۆت بەردەوامە؛ پەروەردەکانی دیکەش دەوام بە نیوە تێیاندا دەوام دەستیپێکردووەتەوە و نیوەی مامۆستایان بەردەوامن لە بایکۆت."
بڕیارە ئەمڕۆ بەشێکی مامۆستایانی ناڕازی کە وانەبێژان و دامەزراوانن لە سنووری پەروەردەکانی هەڵەبجە، رانیە، پشدەر، شارەزوور، سەیدسادق، پێنجوێن و کۆیە خۆپیشاندان بکەن.
دانا عەبدول، نوێنەری مامۆستایانی دامەزراو لە هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەڵەبجە هیچ قوتابخانەیەک نەیتوانیوە دەوام دەستپێبکاتەوە، ئەگەر دەرگەشی کردبێتەوە لە 60 بۆ 70 مامۆستا دوو مامۆستا چوونەتەوە دەوام".
داوای سەرەکی مامۆستایانی ناڕازیی دوو خاڵە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن دەکەن و دامەزراوانیش داوای پلەبەرزکردنەوە دەکەن.
رۆژی 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بە گوێرەی ساڵنامەکە، پێویست بوو 9ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بخایێنێت.
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و لە وەرزی دووەمی خوێندندان.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ نزیکەی 700 هەزار قوتابی لەو سنوورانە دەخوێنن کە تاوەکو ئەمڕۆ بایکۆت لە بەشێکیاندا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ