رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە، هاوردەکردنی هێکەی تروکاندنیان لە چەند وڵاتێک قەدەخە کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جوجەڵە و گرانبوونی نرخی مریشک.
زیاتر لە حەوت مانگە کێشەی ناردنی مریشکی زیندووی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق هەیە. جگە لەوەش لە چەند وڵاتێک هێلکەی ترووکاندن هاوردەی هەرێمی کوردستان ناکرێت، چونکە لەوێ نەخۆشیی بڵاوبووەتەوە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە وڵاتانی تورکیا و بەلجیکا ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوبووەتەوە، بۆیە هێلکەی ترووکاندن لەو وڵاتانە هاوردە ناکەین، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە تاوەکو جوجەڵە کەمبێتەوە و نرخی مریشکی زیندوو بەردەوامی بەبەرزی بمێنێتەوە."
نزیکەی 20 رۆژ پێش ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو هەزار و 200 تاوەکو 300 دینار بوو. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک لە پەلەوەرخانەکان بە زیاتر لە 2800 دینارە و بە زیاتر لە 3000 دیناریش دەگاتە دەستی هاووڵاتیان."
زیاتر لە حەوت مانگە ناردنی مریشکی زیندووی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق قەدەخەیە. فیراس سدیق دەڵێت، "عێراق گوتویەتی هاوردەکردنی مریشکی زیندوو دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی."
ساڵانە هەرێمی کوردستان زیاتر 270 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی 150 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 959 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ