چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر: بۆ چاکسازیی بەندکراوان پەنا بۆ قورئان دەبەین

18-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر دەڵێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوقافی هەولێر، بنکەیەکی فێرکردنی قورئان لەنێو چاکسازییەکە دەکەنەوە، بۆ چاکسازیی بەندکراوان.
 
تەیب عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر، بنکەی فێرکردنی قورئان هەیە و داوامان لە ئەوقافی هەولێر کردووە بنکەیەکی لەو شێوەیە لە نێو چاکسازیشدا بکرێتەوە، ئەویش بەمەبەستی چاکسازی و هۆشیارکردنەوەی بەندکراوان لە رێگەی مامۆستایانی ئایینییەوە."
 
بڕیارە مامۆستای ئایینی هەفتەی یەک رۆژ سەردانی چاکسازییەکە بکات. بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر دەڵێت، "ئێستا لە لێکۆڵینەوەی بابەتەکەداین بۆ کردنەوە بنکەکە، کە بەزووترین کات دەکرێتەوە، لە پشووی هاویندا دەبێتە سێ رۆژ لە هەفتەیەکدا."
 
بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر گوتی، "لە بەشی ژناندا، مامۆستای ئایینیی میلاکمان هەیە کە رۆژانە وانەی ئایینی بە بەندکراوان دەڵێتەوە، پێشنیازی کردنەوەی بنکەکە بۆ نەوجەوانانە."
 
لەبارەی ئامانجی ئەم بیرۆکەیە، تەیب عەبدولعەزیز دەڵێت، "ئێمە هەفتانە لە هەموو سێکتەرەکان دا چاکسازیی بەندکراوان دەکەین وەک لە بابەتی هونەری و هۆشداری لەبارەی مادەی هۆشبەر، بۆیە بەپێویستمان زانی لە رێگەی ئایینەوە گرنگیی زیاتر بە چاکسازیی بەندکراوان بدەین." 
 
بەپێی ئامارەکانی چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر؛ ئێستا 352 بەندکراو لە چاکسازییەکەدا هەن، لەوانە 58 ئافرەتی سزادراو، 174 راگیراوی ئافرەت، 57 مێرمنداڵی سزادراو و 63 راگیراوی مێرمنداڵ.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە