رووداو - سلێمانی
شەقامی سالم یان سەهۆڵەکە، یەکێک لە شەقامە زیندووەکانی سلێمانی، کە دەیان گەنجی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان کاری تێدا دەکەن و بژێویی ژیانیان لەوێ دابین دەکەن.
بەهمەن دوایین قۆناخی خوێندنیەتی لە زانکۆی سلێمانی، هەر زوو درکی بەوە کرد خوێندنەکەی نابێتە هۆی دەستکەوتنی کار و دابینکردنی بژێویی ژیان، بۆیە ساڵێکە محەلەبیی گەرم لەو شەقامە دەفرۆشێت.
بەهمەن پێیوایە، "لە رێگەی خوێندنەوە ناگەیت بە هیچ، بۆیە دەبێت گەنج پێش ئەوەی خوێندن تەواو بکات، هەوڵ بدات لە رێگەی کارێکەوە بژێویی ژیانی دابین بکات."
بە گوتەی بەهمەن، زۆرن ئەوانەی لە دەوروبەری خۆی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن، یان ئێستا خوێندکارن.
بینەر کەمال یەکێکی دیکەیە لەو گەنجانەی لە سەهۆڵەکە لەگەڵ دوو هاوڕێیدا کار دەکەن، هەرسێکیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن، لەفەی گۆشت دەفرۆشن، بێئومێدن لەوەی لە بواری خوێندنەکەیان کاریان دەستبکەوێت.
بینەر دوو بڕوانامەی پۆلی 12ی هەیە، بڕوانامەیەکی دبلۆمی لە بازاڕگەری هەیە، دوو ساڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە بەشی بازرگانیی نێودەوڵەتی خوێندوویەتی، یەکێک لە هاوکارەکانی پەرستاری گشتیی خوێندووە، هاوکارەکەی دیکەشی بە هەمان شێوە پەرستاریی خوێندووە.
بڕیاری ئەوان ئەوە بووە، خواردنێکی تەندروست بفرۆشن، چونکە پێیان وابووە نابێت چاوەڕێی دامەزراندن بکەن، هەر وەک بینەر دەڵێت، "لە خۆت حەرەکەت، لە خودا بەرەکەت."
سەهۆڵەکەی سلێمانی یەکێکە لە شەقامە زیندووەکان، بەتایبەت شەوان پڕی گەشتیار و هاونیشتمانییانە، بۆیە دەیان گەنجی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە لەم شەقامە کاری بچووکیان دەستپێکردووە.
نزار خالید گەنجێکی دیکەیە، کۆشکێکی بچووکی لە هەمان شەقام داناوە، 8 ساڵ پێش ئێستا و لە یەکەم ساڵی بوون بە مامۆستای وانەبێژی زمانی کوردی، بۆی دەرکەوت مووچەکەی بەشی بژێویی ژیان ناکات، ناتوانێت ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت و داهاتوویەک بۆ خۆی دروستبکات، بۆیە لەپاڵ مامۆستاییەکەیدا دەستی بە فرۆشتنی کریپ یان ئایسکرێم و کونافە کرد.
نزیکەی 12 ساڵە دامەزراندنی گشتی وەستاوە، تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک بۆ دامەزراندن نییە، لە کاتێکدا هەر ساڵێک هەزاران کەس زانکۆ و پەیمانگەکان تەواو دەکەن و لە بواری خۆیان کار ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ