رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیای گازی پارێزگای کرماشان، ئەمڕۆ سێشەممە لە 10 گەڕەکی شاری کرماشان گازی ماڵان دەبڕدرێت.
پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای گازی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "لە گەڕەکەکانی موعەلیم، ئاناهیتا، ئیمام، ئیسلامییە، دیزڵ ئاوا، دەولەت ئاوا، مەسکەنی مێهری دەولەت ئاوا، مەهدیە، جەلالیە و دێ مەجنوون گازی ماڵان دەبردڕێت."
کۆمپانیای گازی کرماشان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، لە کاژێر 8ـی بەیانی رۆژی سێشەممەوە تاوەکو کاژێر 20:00ـی شەوی هەمان رۆژ گاز لەسەر ماڵان و شوێنە بازرگانی و حکومییەکانی ئەو گەرەکانە دەبردڕێت.
کۆمپانیای گازی کرماشان، بڕانی گاز لەو گەڕەکانە بۆ چاککردنی بۆرییەکانی گاز و دابەزینی پەستانی گاز لە هەندێک گەڕەک دەگەڕێنێتەوە.
کۆمپانیاکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هاوکارییان بکەن و دەستکاری بۆری و ئامێرەکانیان نەکەن، دەشڵێت، دوای چاککردنەوەی بۆرییەکان دووبارە دەست بە پێدانی گاز بەو گەڕەکانە دەکەن.
ئێران لە هاوینی ساڵی رابردووەوە تووشی کێشەیەکی گەورەی وزە بووەتەوە. لە هاوینی 2024دا ئێران تووشی کورتهێنانی کارەبا بوو کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و حکومەت ناچار بوو کارەبا لەسەر ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان ببڕێت.
هەروەها بە هاتنی وەرزی سەرما و لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، کێشەی کەمیی گاز لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ