سیروان بارزانی بۆ رووداو: بڕیاری راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی کۆڕەک سیاسییە

18-02-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ببڕێت. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە بە رووداوی گوت: "بڕیاری لەو شێوەیە سیاسییە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی."
 
دەستەکە نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی گەیاندن کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی قەرەبووکردنەوەی بەشداربووان لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەکەوە بەگوێرەی خاڵەکانی گرێبەستی مۆڵەتی کۆتاییهاتوو، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە زیان نەگەیاندن بە مافەکانی بەکاربەران.
 
هەروەها دەستەکە فەرمانی بە بەشی دەنگیی بەکاربەر کردووە رێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ وەرگرتنی سکاڵای بەشداربووان سەبارەت بە بڕانی خزمەتگوزارییەکە و تۆمارکردنی بە فەرمی، لەگەڵ خستنەئەستۆی هەموو لێکەوتەکانی بڕینی خزمەتگوزارییەکە لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم.
 
سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "ئەو بڕیارەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق سیاسییە نەک دارایی."
 
بە گوتەی سیروان بارزانی، ئەو بڕیارە "ئەگەر جێبەجێ بکرێت"، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و گوتیشی "ئێمە بێ وەڵام نابین".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە