رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت، سبەی چوارشەممە، مووچەی مانگی شوباتی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و مووچەی مانگی شوباتی 2025 و کرێی وانەبێژیی مانگی ئابی ساڵی 2024ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا دەشڵێت، هەر سبەی، مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کە سەرجەمیان تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست 37 هەزار و 933 مامۆستان و مانگانە سەرجەمیان پێویستیان بە نزیکەی 20 ملیار دینارە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، پارەکەیان لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
مامۆستایانی گرێبەست پێشتر وانەبێژ بوون و 25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بکرێنە گرێبەست.
وەزارەتی خوێندنی باڵا 1982 مامۆستای گرێبەستی هەیە و مانگانە بۆ مووچە، پێویستیان بە ملیارێک و 850 ملیۆن دینارە.
رۆژی 07-10-2024، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانى بەگرێبەستکردنى مامۆستایانى وانەبێژى واژۆ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ