رووداو دیجیتاڵ
لە بەرزاییەکانی سەوڵاوای سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا، کۆڵبەرێکیش لە سنووری بانە زیاتر لە دوو رۆژە بێسەروشوێنە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنێ چوارشەممە 17-04-2024، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی سەیوان دەست ئەفکەن، لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامانی سەر بە پارێزگای سنە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، دەستڕێژی گوللەیان لە کۆڵبەران کردووە و لەئاکامدا سەیوان گیانی لەدەستداوە.
سەیوان دەست ئەفکەنی تەمەن 35 ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکە و، خەڵکی گوندی دەڕە پەیمانی سەر بە شاری مەریوان بووە.
بەهۆی رادەستنەکردنەوەی تەرمی سەیوان، گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی مەریوان و خەڵکی شارەکە روویدا، کە لە ئاکامی گوشاری خەڵکدا ناچار بوون تەرمەکە رادەست بکەنەوە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن کەسوکاریییەوە بەخاکسپێردرا.
ملەی تەتە دەکەوێتە نێوان شارەکانی پاوە و مەریوان لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە. یەک لە رێگەکانی هاتووچۆی کۆڵبەرانە بۆ ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان کە لەو رێگەیەوە زیاتر کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ و جلوبەرگ دەگوازنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
هاوکات هەر لە پارێزگای سنە، زیاتر لە 48 کاژێرە کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی محەممەد رەحیمی بێسەروشوێنە.
بەگوێرەی کۆڵبەرنیوز، کە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆڵبەران دەکات، محەممەد دوای تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە بەرزاییەکانی شاری بانە، دیارنەماوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ