وەزارەتی تەندروستی لەبارەی کەیسی غەزال مەولان: رێکاری تووند دەگرینەبەر

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی غەزال مەولان دەکات و دەڵێت: رێکاری یاسایی تووند دەگیرێتەبەر.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە ئەمڕۆ (18ی نیسانی 2026) بڵاوکرایەوە، غەزال مەولان بە برینداری لە نەخۆشخانەی (شۆڕش)ی سەر بە دەزگای تەندروستیی پێشمەرگەوە رەوانەی نەخۆشخانەی (بەخشین)ـی کەرتی تایبەت کراوە، بەڵام نەخۆشخانەکە ئامادە نەبووە رێکاری پزیشکی بۆ ئەنجام بدات و وەری بگرێت، ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.
 
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و داواکاری گشتی لەسەر هێڵن و لێکۆڵینەوەیەکی وردیان لە دۆسیەکە دەستپێکردووە.
 
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم کارە پاڵپشت بە "یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ی ساڵی 2020" ئەنجام دەدرێت بۆ سزادانی هەر کەس و لایەنێک کە کەمتەرخەم بووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم رووداوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و رێکاری یاسایی تووند دەگیرێتەبەر."
 
هەروەها وەزارەتی تەندروستی داوای لە دامودەزگا تەندروستییەکان کردووە کە دوور لە گوشاری سیاسی، ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دا جێبەجێ بکەن.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە