رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی حەوت کەسی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر قایمقامی قەزای ناوەندیی کەرکووک راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، کێشەکە لەسەر خانووی زێدەڕۆ بووە.
رۆژی شەممە، 18ـی نیسانی 2026، موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حەوت کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر قایمقام دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە."
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "کێشەکە لەسەر خانووە زێدەڕۆکان بووە؛ ئەو حەوت کەسەش بەپێی مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون."
نزیکەی کاژێر 02:30ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لیژنەیەکی لابردنی زێدەڕۆیی کە قایمقامی کەرکووک سەرپەرشتی دەکات، بە شۆفڵ و گەڵابە دەچنە گەڕەکی خەزرا بۆ رووخاندنی هەندێک خانوو کە بەپێی زانیاریی پەیامنێری رووداو، خانووەکان بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون و پێشتر ئاگادارکرابوونەوە کە دەبێت بڕووخێنرێن، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی لیژنەکە و رووخاندنی خانووەکان، خەڵکی شوێنەکە رووبەڕووی لیژنەکە دەبنەوە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، "پۆلیس چەند گولـلەیەکی بە ئاسماندا تەقاندبوو بۆ ئەوەی خەڵکەکە نزیکی قایمقام نەبنەوە، بەڵام خەڵکەکە بە دار و بەرد لە سەر و قۆڵی قایمقامیان داوە و برینداریان کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ