سوودانی: ئاسایشی تەنگەی هورمز بۆ عێراق گرنگە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز دەکەنەوە و رایدەگەیێنێت، ئەم پرسە بۆ عێراق نەک تەنیا رەهەندی ئابووری، بەڵکو "رەهەندی وجودی" هەیە.
 
رۆژی هەینی، 17ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی لە پاریس کرد، کە تایبەت بوو بە پرسی ئاسایشی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز. کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و کییەر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رێکخرابوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا پاڵپشتیی تەواوی عێراقی بۆ هەموو هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەربڕیوە کە ئامانجیان ئاساییکردنەوەی هاتووچۆی کەشتییەکانە لەو تەنگە ستراتیژییەدا.
 
سوودانی رایگەیاندووە، "گەڕانەوەی دەریاوانی بۆ تەنگەی هورمز و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانی، پرسێکی جەوهەری، ئابووری و وجودییە بۆ عێراق." ئاماژەی بەوەش کردووە کە دیپلۆماسییەتی بونیاتنەر تاکە رێگەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سوودانی داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، "پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی ئاگربەست کردەوە، بۆ ئەوەی لەرێگەی گفتوگۆوە بکرێتە لێکتێگەیشتنێکی درێژخایەن."
 
تەنگەی هورمز کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێ، لە 28ی شوباتی 2026ەوە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بە تەواوی پەکیکەوت، ئەوەش بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 120 دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتەر رایگەیاند، "هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستەکەی لوبنان، تێپەڕبوونی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزەوە بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئاگربەستەکە ماوە، بە تەواوی بە کراوەیی رادەگەیێنین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گازی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پشکی گازی ماڵان زیادکرا؛ کەی دۆخەکە تەواو ئاسایی دەبێتەوە؟

بەرپرسانی سلێمانی دەڵێن، تەواوی کارگەکانی گاز ئەمڕۆ بەرهەمیان هەبووە و گاز لە هەموو گەڕەکەکان دابەشکراوە. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەڵێنی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دراوە. قایمقامەکانی دهۆک و هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکەن، پشکی گازیان زیاد کراوە. لە کەرکووکیش دۆخەکە ئاساییە.