رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 11 مانگ لە کارکردن، بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە، پڕۆژەی ئاوی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگیرا.
شیروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو کاتەی کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردووە تاوەکو راگرتنی 6%ـی کارەکانی تەواو کراوە".
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە 26ـی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ـی حوزەیرانی هەمان ساڵەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، بڕیار بوو 26-06-2026 تەواو ببێت، بەڵام دوای نزیکەی 11 مانگ کارەکانی راگیرا.
چاوەڕوان دەکرا بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، کێشەی زیاتر لە 10 ساڵ کەمئاویی چەمچەماڵ چارەسەر ببێت.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "دابەشکردنی ئاو زۆر کەمە، هەندێک گەڕەک 5 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت و گەڕەکیشمان هەیە 7 رۆژ جارێک ئاوی پێدەدرێت."
بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد، لە هاویندا دۆخیان زۆر خراپ دەبێت و دابەشکردنی ئاو دەگاتە 12 رۆژ جارێک.
ساڵی رابردووش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ دروستبوو، 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرایە ماڵان و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ هەمان کێشە دووبارە ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ