پۆلیسی دارستان: لە زاخۆ 27 راوچی بە 300 کیلۆ ماسییەوە دەستگیرکران

18-05-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت: "نزیکەی دوو مانگە راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە کراوە، لەو کاتەوە نزیکەی زیاتر لە 70 سەرپێچی تۆمارکراون." 
 
رۆژی یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، رائید فوئاد ئەحمەد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە بەنداوی موسڵ 27 راوچی دەستگیرکراون، سەرەڕای راگەیاندنی قەدەخەی راوەماسی، هەندێکیان هێشتا بەردەوامن لە راو و ئەمەش زیان بە سامانی ماسیی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت."
 
ساڵانە لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی حوزەیران، راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت، چونکە ئەو ماوەیە وەرزری زاوزێ و دانانی گەرای ماسییە.
 
وەکو بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، ئەم 27 راوچییە لەسەر بەنداوی موسڵ 300 کیلۆ ماسییان راوکردبوو، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆن لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی زاخۆ دەستگیرکران کە عەرەب و کوردن.
 
دەشڵێت: "بەزۆری لە زێی خەبات و بەنداوی موسڵ راوی بە کۆمەڵ دەکرێت و هەمووشیان دەستگیرکراون."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگە گوتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 سەرپێچیی قەدەخەی راوەماسی تۆمارکراون، هەموو ئەوانەشی دەستگیرکراون دراون بە دادگە.
 
لەبارەی سزای سەرپێچیکارانەوە رائید فوئاد ئەحمەد گوتی: "بەپێی جۆری ماسییەکە و جۆری راوەکە دەگۆڕێت، ئەوانەی کە دەرمانی قڕکەر یان کارەبا و ماتۆڕ بەکاردەهێنن و راوی بە کۆمەڵ دەکەن سزاکانیان قورسترە، بەگشتی سزای راوەماسی لە کاتی قەدەخەی راودا لە پێبژاردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو زیندانیکردن."
 
پار لە 5ـی ئادار، وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسی دەستیپێکرد و تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2024 بەردەوام بوو.
 
بەڵام ئەمساڵ لە 20ـی ئادارەوە دەستیپێکردووە، تاوەکو 20ـی حوزەیرانی 2025 بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆربەشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە