یەکەم کاروانی حاجییان بە رێگەی ئاسمانی دەچنە سعودیە

18-05-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمشەو یەکەمین کاروانی هاونیشتمانییان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە رێگەی ئاسمانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، نیاز نەقشبەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو کاژێر 03:00ـی یەکەمین کاروانی حاجییان بە رێگەی ئاسمانی بەڕێدەکەون، کاژێر 12:00ـی شەو لەلایەن د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە بەڕێدەکرێن."
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە گوتی، "ئەمشەو کاروانی فڕۆکەخانەی هەولێر کە 144 کەسن بەڕێدەکەون، سبەی کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ کاروانی حاجیان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڕێدەکەون کە ئەوانیش 144 کەسن."
 
بە گوتەی نیاز نەقشبەندی، لە سبەیەوە تاوەکو 28ـی مانگ، کاروانی حاجییان بە رێگەی ئاسمانی بەردەوام دەبێت، بەپێی خشتە و یەک لەدوای یەک و هەموو ئامادەکارییەکانیش کراوە بۆ حاجیان.
 
ئەوانەی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی ئاسمانییەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەچنە سعودیە، ژمارەیان 3,490 کەسە. ئەوانەشی بە رێگەی وشکانی بۆ حەج دەچنە سعودیە، ژمارەیان 1,646 کەسە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە 17ـی ئایاری 2025، کاژێر 07:00ـی بەیانی، دووەم و دوایین کاروانی هاونیشتمانییان بە رێگەی وشکانی، لە سنووری هەولێرەوە بە رێکەوت کە ژمارەیان نزیکەی 1,000 کەس بوو.
 
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیادکراوە. ساڵی رابردوو چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە