رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنە رایگەیاند، بۆ یەکەم جار هەرچوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان پێکەوە سەردانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهوک و هەڵەبجە سەردانی شاری سنە دەکەن. گوتیشی، سەرنجی سەرەکیی سەردانەکە گەشەپێدانی ئابووری دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی پارێزگاری سنە، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارانی کرماشان و ورمێش بەشدار دەبن.
ئارەش لهۆنی گوتی: "تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە بەتەواوی کەڵک لە بازاڕی عێراق وەربگرین وەک پێویست، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی کولتووری، دەتوانین پەیوەندییەکان پەرەپێبدەین".
جێگری پارێزگار سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی فڕۆکەی راستەوخۆ لە سلێمانی بۆ سنە نییە، ناچارین میوانەکان بە فڕۆکەی تایبەت بێنین و ئەوەش تێچوویەکی زۆری بۆ پارێزگاکە دەبێت".
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پاریزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکان خولین لەنێوان پارێزگا هاوسنووەکان، هەر جارەو لە شوێنێک دەکرێت، پێشتر لە هەولێر و ورمێ کراون.
پاریزگاری سلێمانی گوتی: "کۆبوونەوەکان بە بەشداریی پارێزگارەکان و ژوورە بازرگانییەکان دەکرێت بۆ هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری، کولتووری، فەرهەنگی و زانستییەکانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ