رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئاگادار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناوی قۆناخی سێیەمی پێشمەرگە و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر قۆناخی سێیەمی ناوی ئەو پێشمەرگانە دەربڕی کە بۆ وەرگرتنی زەوی ناویان نێردرابوو".
پێشمەرگەکان ژمارەیان 10 هەزار و 918 کەسە. لەبارەی هەنگاوەکانی دواترەوە سەربەست مەولوود گوتی: "دوای رێکارەکان لای ئێمە، ناوەکانیان بەگوێرەی کارتی زانیارییان رەوانەی شارەوانیی شارەکان دەکرێتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی".
قۆناخی چوارەمی ناوی پێشمەرگەکان بۆ وەرگرتنی زەوی 13 هەزار و 95 کەسە. بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: "ناوی قۆناخی چوارەم لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ وردبینیکردن و لەگەڵ پەسەندکردنیدا کارەکانیان تەواو دەکرێت".
قۆناخی دووەمی وەرگرتنی زەوی بۆ پێشمەرگە، 10ـی ئایار لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر درا کە ژمارەیان 9 هەزار و 579 پێشمەرگە بوو بە پلەی جیاواز.
27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
لە قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەویدا، کۆتایی ساڵی رابردوو لە هەولێر پێنج هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار و 577 زەوی، لە دهۆک هەزار زەوی، لە زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی و لە گەرمیان دوو هەزار و 474 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ