رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی جەستەی منداڵێکی تەمەن 12 ساڵی دانیشتووی شاری دروود، کە مێشکی وەستابوو، بە رەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرانە چوار نەخۆش.
رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026 محەممەدشەریف ماڵمیر، بەرپرسی چاندنی ئەندامانی جەستە لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "موحسین موحسین پوور تەمەن 12 ساڵ، دانیشتووی شاری دروود لە پارێزگای لوڕستان، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە مێشکی لەکارکەوتبوو، بە رەزامەندی و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە."
محەممەدشەریف ماڵمیر گوتی: "هەردوو گورچیلە و جگەر و پەنکریاسی موحسین بەخشرانە چوار نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون."
محەممەدشەریف ماڵمیر ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ رێزگرتن لەم هەڵوێستە مرۆییە، بەرپرسانی تەندروستی و ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکە سەردانی خێزانی "موحسین"یان کردووە، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە نیشانداوە، کە بووەتە هۆی بەخشینی ژیان بە چوار مرۆڤی دیکە.
لە ئێران لە هەر دوو کاژێر جارێک کەسێک بەهۆی نەبوونی ئەندامی جەستە بۆ چاندن گیان لە دەست دەدات.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
ئەو کەسانەی مێشکیان دەمرێت، دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ