رووداو دیجیتاڵ
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، کێشەی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتی "نەبوونی متمانەیە؛" ئاماژە بەوەش دەکات، پێکهێنانی کابینەی دەیەم نزیک نییە.
رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ی پارتی لە سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماژەی بە لێکۆڵینەوەیەکی "سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی" کرد و رایگەیاند: "ئەوەی نووسراوە ئەکادیمی نییە، بەڵکو مانیفێستێکی سیاسییە کە هی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە." بە گوتەی ئاری هەرسین، باشترین بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی تێدایە".
ئەو بەرپرسەی پارتی دان بەوەدا دەنێت کە "چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەیە،" بەڵام رەخنە لە راپۆرتەکە دەگرێ کە "لە دیدی یەکێتییەوە سەیری کێشەکانی هەرێمی کوردستان دەکات؛" هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بابەتی دوو ئیدارەیی "یەکێکە لەو پرسانەی یەکێتی بیری لێ دەکاتەوە."
ئاری هەرسین لێدوانەکانی پێشووتری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بە نموونە هێنایەوە و گوتی: "کاک قوباد کە چوو بۆ یۆنان، گوتی سلێمانی بە گاز دەوڵەمەندە، نەیگوت هەرێمی کوردستان. مانای ئەوەیە ئەم بۆچوونەی لەم راپۆرتەدا بڵاوبووەتەوە، پێشینەی هەیە."
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، سامانە سرووشتییەکان "موڵکی هەموو تاکێکی هەرێمی کوردستانە" و هیچ حیزب و کەس و لایەنێک "بۆی نییە خۆی بکات بە خاوەنی."
ئاری هەرسین باس لەوە دەکات، کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، کێشەی "نەبوونی متمانەیە" و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن بگەنە رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و گوتی: "تاوەکو برینەکانی رابردوو ساڕێژ نەکرێن، ئەم بازنە داخراوە هەر بەردەوام دەبێت."
ئاری هەرسین باسی لە شەڕی راگەیاندنی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و رایگەیاند، ئەو شەڕە تەنیا ئەنجامێکە و کێشە سەرەکییەکە نییە و گوتی: "گرفتەکە شەڕی راگەیاندن نییە، گرفتەکە ئەو توخمانەن کە بوونەتە هۆی شەڕی راگەیاندن."
بە بڕوای ئاری هەرسین، هەر کاتێک پارتی و یەکێتی بتوانن "لە دەوری مێزێک دابنیشن و گوێ لە یەکدی بگرن،" ئەو کاتە شەڕی راگەیاندن "خۆبەخۆ نامێنێت."
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاری هەرسین رایگەیاند، ئێستا هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ پێکهێنانی نییە و گوتی: "دەبێت لەسەر بنەمای زانیاری قسە بکەین، نەک ئارەزوو. ئەو فاکتەرانەی ئێستا لەبەردەستن، پێمان ناڵێن کە پێکهێنانی کابینەی دەیەم نزیکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ