رووداو - هەولێر
دڵە گەورەکەی عیسام شەڕی ژیان و مردن دەکات؛ ئەو تەمەنی 42 ساڵە و تووشی نەخۆشیی لاوازبوونی ماسولکەی دڵ بووە، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە جارێکیش دڵی لە لێدان وەستاوە.
عیسام ئەحمەد، نەخۆش دەڵێت، "قەستەرەم کرد، دواتر دکتۆر گوتی، نابێت خۆت ماندوو بکەیت، چونکە دڵت کەڵکی نەماوە؛ ئێستا بە دەرمان وەستاوە."
حەوت ساڵە عیسام بەدەست نەخۆشییەکەیەوە دەناڵێنێت؛ بەپێی راپۆرتی پزیشکی 25%ی دڵی کار دەکات، ئەو پێویستی بە گۆڕینی دڵە کە تێچووەکە نزیکەی 80 هەزار دۆلار دەبێت.
هاوژینەکەی عیسام دەڵێت، عیسام "پێویستی بە گۆڕینی دڵە. دکتۆر گوتی، هیچ چارەسەری دیکەی نەماوە و لێرەش چارەسەری نییە، تەنیا لە ئەڵمانیا و هیندستان چارەسەری هەیە، ئەویش تێچووی زۆرە."
جگە لە تووشبوونی بە نەخۆشیی دڵ؛ شەکرە، ستسبوونی گورچیلە، پەستانی خوێن و ئەستووربوونی جگەر ئەو نەخۆشیانەن کە لە هەموو لایەکەوە گوشاریان بۆ عیسام هێناوە؛ ئێستا ئەو بۆ چارەسەر پێویستی بە چوونە دەرەوەی وڵاتە.
دکتۆر سەلاح شنگالی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ ئاماژە بەوە دەکات، "ماسولکەکانی دڵی [عیسام] لاواز بوون، وەکو پێویست دڵی کار ناکات، هەرچەندە تەمەنی کەمە، بەڵام باشترین چارەسەر گۆرینی دڵە، ئەویش لێرە ناکرێت."
عیسام باوکی سێ کچە و کرێچییە؛ بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەیەوە پزیشکان پێیان گوتووە کە نابێت کار بکات، لە کاتێکدا تێچووی داودەرمانی مانگانەی زیاتر لە 100 هەزار دینار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ