رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر بۆ سەربڕینی ئاژەڵ، سەرپێچی لە بڕیارەکانی قایمقامیەت کرا، سەرپێچیکار دەستبەسەر دەکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە مەترسیی کڕینی گۆشت لە شەقامەکان، تەنیا تای خوێنبەربوون نییە و زۆر مەترسیدارترە بۆ هاونیشتمانییان.
رۆژی یەکشەممە، 18-06-2023، فریاد عوسمان، ئەندامی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە سلێمانی هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە و هەوڵ دەدرێت رێگری لە بڵاوبوونەوەی بکرێت.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 139 کەس لە عێراق تووشی بوون و 20 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە؛ لە هەرێمی کوردستانیش سێ کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
فریاد عوسمان لەبارەی پێشگرتن لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون گوتی، هەفتەی رابردوو بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی، قایمقامی شارەکە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان کرد و جەخت لەوە کرایەوە کە ''هاووڵاتییان، بە تایبەتی ئەوانەی خاوەن ئاژەڵن لە رێگەی راگەیاندنەوە سەبارەت بە نەخۆشییەکە ئاگادار بکرێنەوە، لە ژینگەی کارکردنیان رشاندن بکرێت، سەربڕینیش بە هەموو شێوەیەک لە شەقامەکان قەدەخە بکرێت''.
بە نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان، خواست لەسەر گۆشت زیاد دەکات. فریاد عوسمان دەڵێت، داوا لە داواکاری گشتی کراوە هاوکار بن بۆ ئەوەی رێگە بە کەسانێک نەدرێت لە سەربڕینی ئاژەڵدا کاری نایاسایی بکەن، ''بەتایبەتی لە رۆژانی جەژن. بەپێی بەرنامەی تەندروستی کە ڤێتێرنەری ئامادەی کردووە، چاودێری ئەو بابەتە بکرێت و ئەگەر سەرپێچی لە بڕیارەکانی قایمقامیەت کرا، ئەوە سەرپێچیکار دەستبەسەر دەکرێت و دەست بەسەر ئەو ئاژەڵەشدا دەگیرێت کە نیازی سەربڕینیان هەبووە.''
ئەندامەکەی لیژنەی باڵای قایمقامییەتی سلێمانی باس لەوە دەکات، لەبارەی شێوەی تەندروستی سەربڕین، کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ، هۆشیاری و هۆشداری پێویست بە سەرجەم قەزا، ناحیە و گوندەکان دراوە و دەشڵێت، سەردانی لیژنەکانی قایمقامیەت بۆ لای گۆشتفرۆشەکان چڕکراوەتەوە و ''ئێستا سەرجەم قەسابەکان گۆشتی مۆردار دەفرۆشن و هیچ مەترسییەک لەوبارەوە نییە.''
بەگوتەی فریاد عوسمان، ئەگەر رشاندنی شوێنی کاری ئاژەڵداران وەک خۆی بکرێت، مەترسیی تووشبوونی هاووڵاتییان بە نەخۆشییەکە کەمتر دەبێت و جەخت لەوەش دەکاتەوە، لە وەرزی هاویندا و بەهۆی گەرما، تەنیا نەخۆشیی تای خوێنبەربوون نییە کە مەترسی بۆسەر هاووڵاتییان دروست دەکات، بۆیە فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامەکان زۆر مەترسیدارتر لەوەیە.
وەک ئەندامەکەی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، ناسینەوەی ئەو ئاژەڵانەی کە کێشەیان هەیە و هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونن ئاسان نییە و ''تەنیا بە پزیشک و کارمەندانی ڤێتێرنەری دەکرێت؛ بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بگەڕێنەوە بۆ رێگە سەلامەتەکە [سەربڕخانە] و دڵنیا بن لەوەی کە گۆشتی سەربڕخانە 100٪ سەلامەتە.''
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و تووشی خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێن مەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ