رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و سەرۆکوەزیران رایگەیاند، لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە بەردەوامن و"نامەیەکمان بۆ دادگەی فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر بابەتی مووچە، دۆخی ناوچەکە و درێژکردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی 20٪ لە سزاکانی هاتووچۆ، دامەزاندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتیی کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبووەنەوەکە رایگەیاند، نامەیەکیان بۆ دادگەی فیدراڵی ناردووە و "هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات، بە تایبەتیش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا، رێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت".
برگەیێکی دیکەی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل. حکومەت جەختی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان کردەوە، "کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە و وەک هەمیشەش، فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی و سەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، هەرێمی کوردستان پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات "بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیارێکی بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بەڕێژەی 20٪ و بۆ 6 مانگی دیکە پێشکێشکردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسندی کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازێکیان بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتیی پێشکێش کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکیی گشتیی لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دراوە. هەروەها وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجوومەنی گشتیی راژەی راسپاردووە رێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ