'شۆڕشی نیشتمانی'؛ زانکۆی کوردستان لە پڕۆژەیەکدا زمانی کوردی لە ژیریی دەستکرد دا دەخەنەگەڕ

18-06-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
لە پڕۆژەیەکدا زمانی کوردی لە ژیریی دەستکرد دا دەخرێتەگەڕ
لە پڕۆژەیەکدا زمانی کوردی لە ژیریی دەستکرد دا دەخرێتەگەڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تۆماری مێژوویی بۆ زمانی کوردی؛ تیمێک لە گەنجان، پرۆفیسۆران و توێژەران لە سەنتەری ژیریی دەستکرد و داهێنان لە زانکۆی کوردستان، ماوەی شەش مانگە کار لەسەر پڕۆژەیەکی ستراتیژی دەکەن کە خۆیان بە "شۆڕشی نیشتمانی" ناوی دەبەن. 
 
پڕۆژەکە بریتییە لە خستنەگەڕی زمانی کوردی لەنێو تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد دا و لە رێگەی وێبسایت و ئەپڵیکەیشنێکەوە، شەش خزمەتگوزاریی پێشکەوتوو بۆ هەموو شێوەزارەکانی کوردی بەردەست دەخات.
 
د. ئارام مەحموود، سەرپەرشتیار و توێژەر لە پڕۆژەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە بەشێوەیەکی گشتی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنین. لە قۆناخی یەکەمدا هەوڵدەدەین ئەو داتایەی کە هەمانە، چ داتای دەنگ بێت یان تێکست، بە دیجیتاڵی بکەین و بیخەینە سەر فۆڕمی کۆمپیوتەر. لەدوای ئەوە، کۆمەڵێک مۆدێلی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کە چەند ئەرکێکی گرنگی پێ ئەنجام بدەین، بۆ نموونە هەڵەچنی."
 
پڕۆژە گەورەکە شەش بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:
 
کۆگای زمانی کوردی: ئەرشیڤێکی دیجیتاڵی گەورە بۆ پاراستنی داتای زمانی کوردی
 
فەرهەنگی کوردی: فەرهەنگێکی زیرەک و فراوان
 
هەڵەچن: سیستەمێکی پێشکەوتوو بۆ راستکردنەوەی هەڵەی رێنووس
 
دەنگ و نووسین: گۆڕینی نووسین بۆ دەنگ (Text-to-Speech) و دەنگ بۆ نووسین (Speech-to-Text)
 
دەرهێنانی دەق لە وێنە (OCR): ناسینەوە و گۆڕینی دەقی ناو وێنەکان بۆ تێکستی دیجیتاڵ
 
وەرگێڕان و پوختەکردنەوە: وەرگێڕانی زیرەک لە کوردییەوە بۆ زمانەکانی دیکە و بەپێچەوانەوە، لەگەڵ توانای پوختەکردنەوەی دەقە درێژەکان
 
د. تارق ئەحمەد، سەرۆکی سەنتەری ژیریی دەستکرد و داهێنان، جەخت لەسەر گرنگیی یەکخستنی ئەم خزمەتگوزارییانە دەکاتەوە و دەڵێت: "لەوەی لە چەندین سایتی جیاوازدا بەدوای هەر یەکێک لەمانەدا بگەڕێیت، ئەم پلاتفۆرمە هەموویانت بە یەکەوە پێدەدات. لەوانەیە تۆ تەنیا پێویستت بە وەرگێڕان نەبێت، بەڵکو پێویستت بە گۆڕینی دەقی ناو ڤیدیۆکانیشت هەبێت."
 
یەکێک لە ئەندامە کاراکانی تیمەکە، هێڤی خوسرەوییە کە دەرچووی ماستەرە لە زانستی کۆمپیوتەر. توێژینەوەکەی ئەو لەبارەی دەرهێنانی دەستنووسی کوردی لە وێنە (OCR) بووە و سەرجەم داتاکانی توێژینەوەکەی پێشکەش بە پڕۆژەکە کردووە. هێڤی دەڵێت: "شتێک هەیە پێی دەگوترێت OCR، کە مۆدێلێکی ناسینەوەی ئۆبجێکتە. لە زمانەکانی دیکەدا OCRی زۆر باشمان هەیە، بۆیە بیرم لەوە کردەوە ئێمەش بە هەمان شێوە بتوانین مۆدێلەکانی خۆمان پەرەپێبدەین."
 
ئەم هەنگاوە زانستییە بە هاوبەشیی ئەکادیمیای کوردی ئەنجام دەدرێت، کە رۆڵێکی سەرەکییان لە دابینکردنی داتای پوخت و بێهەڵەدا هەبووە. د. پەخشان فەهمی، زمانەوان لە ئەکادیمیای کوردی، ئاماژەی بەوەدا: "هەوڵماندا ئەو دەقانە بەکاربهێنین کە پێشتر تێزی دکتۆرا و ماستەر بوون، چونکە کەمترین هەڵەی رێزمانی و رێنووسییان تێدایە."
 
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار وشەی کوردی بۆ بەشی فەرهەنگەکە تۆمار کراوە و 174 هەزار فایل بۆ کۆگای زمانی کوردی ئەرشیف کراون.
 
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەکە بە فەرمی بخرێتە بەردەستی بەکارهێنەران و شۆڕشێک لە خزمەتکردنی دیجیتاڵیی زمانی کوردیدا بەرپا بکات.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.