زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنم لە کەرکووک وەرگیراوە

18-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنم لە کەرکووک وەرگیراوە و هیچ جووتیارێکیش شایستەکەی وەرنەگرتووە. 
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنم لە هەر چوار سایلۆی کەرکووک وەرگیراوە. پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی بگاتە 400 هەزار تۆن".
 
لە 25ی مانگی رابردووەوە وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک دەستیپێکردووە. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ جووتیارێک شایستەی دارایی وەرنەگرتووە. 
 
ئێستا رۆژانە 12 بۆ 13 هەزار تۆن گەنم لە رێگەی 350 بارهەڵگرەوە رادەست دەکرێت. عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت: "هیچ گرفتێکی ئەوتۆ لەبەردەم پرۆسەکە نییە. ئەگەر هەر گرفتێکیش بێتەپێش، ئەوا لە نزیکترین کاتدا چارەسەر دەکرێت".
 
لە کەرکووک چوار سایلۆ هەن؛ کەرکووک، زاب، حەویجە و تازە. عەبدوڵڵا میروەیس گوتی، سایلۆی تازە پڕ بووە، بۆیە ئێستا گەنم لە عەبادات هەڵدەگیرێت کە نزیکە لە سایلۆی تازە.
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک 45 بۆ 50 رۆژ دەخایێنێت و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پێویست بکات وادەکە درێژدەکرێتەوە. 
 
بۆ ساڵى 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵ بوو بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
 
عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک دووی ئەم مانگە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، رووبەرى دانەوێڵەی دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک 250 هەزار دۆنمە، کە بە هەمان نرخى گەنمى نێو پلانى کشتوکاڵى وەردەگیرێت.
 
بە گوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بە شێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک پارچەزەوی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

زانیاری بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئەمڕۆ ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرنەچووە

ساڵێک و 8 مانگە بڕیاری دابەشکردنی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینی هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام ژمارەیەک کەس ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرنەچووە. بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێ، 480 هەزار کەس مامەڵەیان تەواو کراوە و ئەوانەی ماون ناویان بۆمان نێردراوە.