بەرپرسی تاقوەسانی کرماشان: سەردانی تاقوەسان بە جلی کوردی قەدەخە نییە

18-07-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی تاقوەسان لە پارێزگای کرماشان رەتیکردەوە لەبەر جلوبەرگی کوردی رێگە بە گەشتیاران نەدرێت سەردانی ئەو شوێنە مێژوویی و گەشتیارییە بکەن.
 
داریوش فەرمانی، بەڕێوەبەری میراتی کولتووریی پارێزگای کرماشان سەبارەت بە رێگەنەدان بە ژنێک و دوو پیاو بۆ نێو تاقوەسان بە جلی کوردییەوە، گوتی، "ئەوانە بووک و زاوا بوون و وێنەگرێکی زۆر شارەزایان لەگەڵدا بووە، ئەمەش ئەو گومانەی دروست کردووە کە ئەوانە دەیانەوێت وێنەی مۆدێلینگ بۆ رێکلام بگرن، بۆیە رێگرییان لێکراوە بچنە نێو تاقوەسان."
 
ئەو کەسانە رێگرییان لێکراوە، بە گوتەی خۆیان، ژن و مێرد و هاوڕێیەکی کوڕیان بوون و بووک و زاوا نەبوون، بەڵام جلوبەرگی کوردییان لەبەردا بووە و خۆیان دەڵێن، بەو هۆیەوە رێگرییان لێکراوە.
 
محەممەد مەهدی فەیزئاقایی، بەڕێوەبەری پێگەی نیشتمانیی تاقوەسانی کرماشان، دوای رووداوەکە رایگەیاند، "بە پێچەوانەی ئەوەی باس دەکرێت، ئەو پرسە دوورە لە راستییەوە و رۆژانە دەیان کەس بە جلوبەرگی کوردییەوە سەردانی تاقوەسان دەکەن و لەو رووەوە هیچ کێشەیەک نییە."
 
رۆژی یەکشەممە سێ هاونیشتمانی لە شاری کرماشان تۆمارێکی ڤیدیۆیی خۆیان لە شوێنی مێژوویی و گەشتیاریی تاقوەسان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "رۆژی 16-07-2023 ویستمان بچینە نێو تاقوەسان، بەڵام ئەو کەسەی کە بلیتی چوونە ژوورەوەی دەفرۆشت، پێی گوتین، ئەو پیاو و ژنانەی جلوبەرگی کوردییان لەبەردا بێت، نابێت بچنە ژوورەوە."
 
ئەوان رێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەیان بە جلوبەرگی کوردییەوە وەکو "سووکایەتی" لە قەڵەم دا و داوایان کردبوو "بەڕێوەبەری میراتی کولتووری کرماشان دەبێت لە ئاست ئەم سووکایەتییەدا وەڵامدەر بێت، کە لە شارێکی کوردیدا بۆچی رێگە نادرێت خەڵک بە جلوبەرگی کوردییەوە بچنە نێو تاقوەسان."
 
دواتر خەلیل جەباری، فۆتۆگرافەری خەڵکی کرماشان، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا بڵاویکردەوە، "بەڕێوەبەرانی تاقوەسان گوتوویانە، پێیان وابووە بووک و زاوان، بۆیە رێگەمان نەداوە بچنە ژوورەوە."
 
خەلیل جەباری دەشڵێت، "چ بووک و زاوایەک بە جلوبەرگی لەم جۆرەوە دەچێتە تاقوەسان، جگە لەوە، ئەگەر بووک و زاواش بوونایە، بۆچی دەبێت رێگری لە کەسێک بکرێت، کە جلوبەرگی رەسەنی کوردیی لەبەرە؟"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە