رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە باکو کۆبوونەوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییە بازرگانی و کولتوورییەکان؛ کردنەوەی کۆنسوڵخانەی کۆماری ئازەربایجان لە هەولێر و کردنەوەی هاوتووچۆی ئاسمانی لەنیوان هەولێر و باکو کرا.
رۆژی سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکخست و گوتی، "بەناوی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، بە گەلی کوردستان رادەگەیێنین کە سەردانێکی سەرکەوتوو و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان لە ئاستێکی بەرزی پڕۆتۆکۆڵییدا پێشوازی لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا؛ کۆبوونەوەیەکی گرنگ و سەرکەوتوو لەنێوان هەردوو سەرۆکدا بەڕێوەچوو".
دڵشاد شەهاب گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان، هەروەها ئازەربایجان و عێراق کرا. گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییە بازرگانی و کولتوورییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی کورد و ئازەربایجان کرا.
باسی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی کۆماری ئازەربایجان لە هەولێر، کردنەوەی هاوتووچۆی ئاسمانی لەنیوان هەولێر و چەند شارێکی دیکەی عێراق لەگەڵ باکو بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئازەربایجان بووە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەگوێرەی یاسا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و بەناوی گەلی کوردستانەوە دەدوێت، بۆیە ئەم ئامادەبوونە دیپلۆماسییە گەورەیە و لە ماوەکانی رابردووشدا لە دیداری بەڕێزان راوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی حکومەتی ئیتاڵیا، سەرۆککۆماری تورکیا و ئامادەبوون لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان بە زیندوویی هێشتنەوەی پێگەی دیپلۆماسی و سیاسیی هەرێمی کوردستان دەردەخات کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات".
دڵشاد شەهاب دەڵێت، "ئەو پێشوازییەی بەڕێز سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد لە ئاستێکی بەرزی دیپلۆماسیدا بوو؛ نوێنەرایەتییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنیا لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان نییە و لەسەر ئاستی عێراقیشدایە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023، نێچیرڤان بارزانی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەیدەر عەلیێڤ لە باکو و لەلایەن عەلی ئەحمەدۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان، هەروەها باڵیۆزی عێراق لە ئازەربایجان و باڵیۆزی ئازەربایجانیش لە عێراق پێشوازی لێکرا.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "له كۆبوونهوهكى دۆستانهى دووقۆڵيدا ههردوولا جهختيان له برهودان به پهيوهندييهكانى ئازهربايجان لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان له ههموو بوارهكاندا كردهوه، بهتايبهتى له بوارى ئابوورى؛ بازرگانى؛ گهشتيارى و وزهدا. هەروەها دهرفهتى وهبهرهێنان و سهرمايهگوزارييان بۆ كۆمپانياكانى ئازهربايجان له ههرێمى كوردستان و تهواوی عێراق تاوتوێ كرد."
سەردانەکە دوای ئەوە دێت، لە شوباتی ئەمساڵدا و لە چوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلێیڤ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتەکەی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ