رووداو دیجیتاڵ
مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لە بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان خنکا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەزاکە دەڵێت، مێرمنداڵەکە بۆ مەلەکردن چووەتە ئاوەکەوە و خنکاوە.
رۆژی هەینی، 18ـی ئابی 2023، کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیک کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێکی خنکان ئاگادار کراونەتەوە و دوای چوونی تیمەکانیان، دەرکەوتووە مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ خنکاوە.
کەیوان ئەحمەد گوتی، مێرمنداڵەکە عەرەبە و لەگەڵ چەند هاوتەمەنێکی خۆیدا لە قەراخی بەنداوەکە سەرقاڵی مەلەکردن بوون. گوتیشی، ئەمە دووەم رووداوی خنکانە لە وەرزی مەلەکردنی ئەمساڵدا لە سنووری دەربەندیخان روویدابێت.
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکانەوە لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 104 تەرم لەنێو ئاو، چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان دەرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ