رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا رایگەیاند، کارەبای زیاتر لە 100 هەزار هاوبەشی بازرگانی کراوەتە 24 کاژێری. باسی لەوەش کرد، "بەنرخێکی جێگیر کارەبا بە شوێنە بازرگانییەکان دەدرێت و بۆ هەر کیلۆواتێک 185 دینارە."
رۆژی دووشەممە، 18ی ئابی 2025، فارس میرخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "8,200 مێگاوات ژێرخانی کارەبامان ئامادەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیی پێویست، تەنیا نیوەی ئەو بڕە بەرهەممان هەیە و هەموو هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە بۆئەوەی بتوانین بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین."
وەکو بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا گوتی، ئێستا لە هەرێمی کوردستان 4,300 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، کە 80%ی لە رێگەی گازەوەیە. گوتیشی، "کار لەسەر پڕۆژەیەکی زیادکردنی سووتەمەنی دەکرێت، کە تاوەکو مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو 1,500 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، ئەمەش کێشەی بەرزبوونەوەی خواست و کەمبوونەوەی خستنەڕووی کارەبا چارەسەر دەکات."
لە وەرزی زستان و هاویندا خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات. بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا گوتی، "لە وەرزی زستاندا گوشاری زۆرمان لەسەرە و خواست دەگاتە 6,500 مێگاوات، زیادبوونی کارەباش ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات."
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رووناکیی راگەیاند و بڕیارە تاوەکو کۆتاییی ساڵی 2026، سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاژێرییان هەبێت.
لەوبارەیەوە فارس میرخان گوتی، "زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار هاوبەش لە هەرێمی کوردستان هەن، تاوەکو ئێستا 716 هەزار هاوبەش لە کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون؛ واتە 40%ی هاوبەشان."
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا، "جگە لە هاووڵاتییان، تاوەکو ئێستا 100 هەزار هاوبەشی بازرگانی لە پڕۆژەی رووناکی سوودمەند بوون، کە بە نرخی جێگیر کارەبایان پێدەدرێت و بۆ هەر کیلۆواتێک 185 دیناریان لێ وەردەگیرێت."
فارس میرخان باسی لەوە کرد، "30% بۆ 40%ی تێچووی کارەبا بەهۆی پڕۆژەکەوە کەم دەبێتەوە و خەڵک بەفیڕۆدانی کارەبا کەم دەکەنەوە."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، سوودمەندانی پڕۆژەی رووناکی بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هەولێر: 380 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 458 هەزار کەس
سلێمانی: 257 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 976 هەزار و 500 کەس
دهۆک: 79 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 288 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ