رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانییەوە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، ماتەمینیی گشتیی راگەیاند. قایمقامی شارەکەش دەڵێت: "دووبارە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە".
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پارێزگاکەمان رووبەڕووی کارەساتێکی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە بوویەوە. بەداخەوە بەهۆیەوە دوو رۆڵەی دڵسۆزی پارێزگاکەمان شەهید بوون، کە لەپێناو پاراستنی ژینگە و خاکدا گیانیان بەخشی؛ وەکو شەهیدی ژینگەی هەڵەبجە و کوردستان ناویان دەبەین".
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: "بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکیان و هاوبەشیکردنی خەمی بنەماڵە بەڕێزەکانیان، پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا بە راگەیاندنی ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی دوو رۆژ، بۆ ئەو مەبەستەش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت".
پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریشدا، بەهەمان هۆکار "سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز رابگیرێت".
پێش راگەیێندراوەکە، نوخشە ناسیح بە رووداوی گوت: "داوای هاوکاریی و پشتیوانییان لە پارێزگای سلێمانی کردووە و بڕیارە تیمی فڕۆکەوانی و پۆلیسی دارستان بە هانایانەوە بچن".
سمکۆ ساڵح، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا کاژێر 08:45ـی شەو، هیچ تیمێک لە سلێمانییەوە بۆ هاوکاری نەهاتووە و تەنیا تیمێکی خۆبەخش لە پێنجوێنەوە هاتوون".
قایمقامی هەڵەبجە گوتیشی: "ئاگرەکە دیسانەوە تەشەنەی کردووە و بەردەوامە".
ئاگرەکە دوو رۆژە ناوچەی کۆکۆیی لە رۆژهەڵاتی هەڵەبجە گرتووەتەوە، کە بریتییە لە سنووری گوندەکانی چنارە، نەیجەلە و مۆردین.
بە گوێرەی بەرگری شارستانیی هەڵەبجە بۆ رووداو، بەهۆی ئەو ئاگرەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکەمیان (ئاری موختار)ـی ژینگەپارێزێکی خۆبەخش بوو، کە نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا، ئەوی دیکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و ناوی (محەممەد حەیدەر)ـە و پۆلیسێکی دارستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ