رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەی هەولێر، کتێبخانەکەی نووسەری کۆچکردووی کورد، عەزیزی گەردی بە 136 ملیۆن دینار فرۆشرا. برایەکی دەڵێت، دژی فرۆشتنەکە بووە. نووسەرێکیش ئاماژە بەوە دەکات: "ئێستاش کات ماوە و داواکارین سەرۆکی هەرێمی کوردستان کڕینەوەکە لە ئەستۆ بگرێت".
مانگێک لەمەوبەر لە رێگەی رۆژنامەکانەوە، جاڕدانێک سەبارەت بە فرۆشتنی ئاشکرای کتێبخانەی د.عەزیز گەردی بڵاوکرایەوە، دادگەی بەرایی عەنکاوە، رۆژی 17-08-2025 لە دانیشتنێکی کراوەدا بڕیاری لەسەر فرۆشتنی کتێبخانەکەی د.عەزیز گەردی دا.
ئەسکەندەر زرار، شاعیر و نووسەر و بەڕێوەبەری سەنتەری رۆشنبیریی خەون بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەی کتێبەکان 18 هەزار و 514 کتێب، هەزار و 938 گۆڤار و ئەتڵەسی گەورەی شوێنەوار بوون، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 136 ملیۆن دینار فرۆشرا".
ئەسکەندەر زرار کە ئاگاداری زیادکردنەکە بووە دەڵێت: ئەو کەسەی کتێبخانەکەی کڕیوەتەوە هێژا بەکر عەبدوڵڵایە، کە برازای د. عەزیز گەردییە.
ئەو نووسەرە دوای کۆچی دوایی عەزیز گەردی (لە ساڵی 2022) لەگەڵ چەند نووسەرێکی دیاری کوردستان داواکارییەکیان پێشکێشی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی ماڵەکەی عەزیز گەردی بکرێتە مۆزەخانە و بپارێزرێت.
ئەسکەندەر زرار گوتی: "بەداخەوە لەبەر چەند کێشەیەکی نێو خانەوادەکەی نووسەر خۆی، ئەوکات نەتواندرا ئەو کارە بکرێت، بەڵام ئێستا کتێبخانەکە موڵکی یەک کەسە و دەتوانرێت گفتوگۆی لەگەڵ بکرێت و لە شوێنێکی شایستەدا کتێبخانەکە بپارێزرێت و بخرێتە خزمەت زانستخوازان و ئەدیبان".
هەر ئەمڕۆ قەهار گەردی، برای عەزیز گەردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راستە کتێبخانەکە فرۆشراوە دوای ئەوەی دادوەر بڕیاری لەسەردا، بەڵام لە سەرەتاوە تاوەکو ئەمڕۆش من لەگەڵ فرۆشتنیدا نەبووم".
قەهار گەردی دەڵێت: "رۆژی دانیشتنی دادگە ئاگادار کرامەوە، بەڵام ئامادە نەبووم بچمە دادگە، دواتر بیستم برازایەکی خۆم کڕیویەتییەوە، من دژی ئەوەم، چونکە فرۆشتنی کتێبەکانم رەتکردووەتەوە و گوتوومە، وەسێتی براکەمانە کە کتێبەکان پارێزراوبن و منداڵی کورد سوودی لێببینێت".
عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، رۆژی 06ـی حوزەیرانی 2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
عەزیز گەردی لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا دەستی بە نووسین و وەرگێڕان کرد. ئەو نووسەرە لەگەڵ ئەوەی کوردیزانێکی کارامە بوو و شێوەزارەکانی کورمانجی سەروو، کورمانجی خواروو و هەورامی دەزانی، زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیشی بەباشی دەزانی. ئەو بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی بەغدا خوێندبوو.
عەزیز گەردی، کە ناوی تەواوی عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵایە، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبووە؛ لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژیا؛ ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو.
هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو و لە هەرزەکارییدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکرایەوە کە کتێبی رەوانبێژییە. دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 دکتۆرای بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ