رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری ئەو کەسانەی لە بەنزینخانەکەی هەولێر کوژران، رەتیدەکەنەوە لەگەڵ ماڵی بکوژدا سوڵحیان کردبێت و ئامۆزای یەکێک لە کوژراوەکانیش دەڵێت: "لە سێدارەدانی بکوژ داواکاریی هەر سێ خێزانەکەیە."
شەوی چوارشەممە 06-08-2025، بەهۆی دەمەقاڵێ لەنێوان کارمەندی بەنزینخانەیەک، شۆفێر و سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک لە هەولێر، سێ کەس کوژران. یەکێک لە قوربانییەکان بە ناوی سەعد ئیسماعیل هاونیشتمانییەکی کوردە و هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوەکەوە نەبووە.
محەممەد کەمال، ئامۆزای سەعد ئیسماعیل، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە لەگەڵ کەسوکاری بکوژ رێککەوتن و سوڵحیان کردبێت.
محەممەد کەمال دووشەممە 18-8-2025 بە رووداوی راگەیاند، "سوڵحکردنمان لەگەڵ خێزانی بکوژ تەنیا قسەی سۆشیال میدیایە، بە هیچ جۆرێک سوڵحمان نەکردووە. تاوەکو ئێستا نازانین خێزانی بکوژەکەش کێن، تاوەکو سوڵحیان لەگەڵ بکەین."
لە بەنزینخانەکەی هەولێر جیا لەو هاونیشتمانییە کوردە، دوو کەسی عەرەبیش کوژران، کە کێشەکە لە نێوان ئەوان و کارمەندێکی بەنزیخانەکە روویدا.
محەممەد کەمال دەڵێت: "ئەمشەو قسەم لەگەڵ کەسوکاری ئەو دوو عەرەبە کرد، ئەوانیش رەتیانکردەوە سوڵحیان کردبێت."
ئامۆزاکەی سەعد ئیسماعیل دووپاتیکردەوە، کە داواکاریی ئەوان و کەسوکاری دوو عەرەبەکەش ئەوەیە کە "دەبێت بکوژ لە سێدارە بدرێت."
دووشەممە 11-08-2025 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە کەسوکاری کوژراوانی بەنزینخانەکەی هەولێر کرد. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند، ''دڵنیامان کردوونەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا مافی کەسوکاری قوربانیان دەپارێزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ