رێگەی هەولێر - بەحرکە بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە

18-08-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەولێر - بەحرکە تەواوکرا. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هێڵکاری بۆ کراوە و شۆفێران دەتوانن لە ئەمڕۆوە هاتووچۆی پێدا بکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-08-2025 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کردنەوەی رێگەی هەولێر - بەحرکەی راگەیاند، کە پێشتر بە مەبەستی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی داخرابوو.
 
ئومێد خۆشناو گوتی، ''قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی بە یەکتر بەستنەوەی شەقامەکانی 100 مەتری و  120 مەتری بە ئاراستەی هەولێر بوو.''
 
6ی حوزەیران رێگەی بەحرکە - هەولێر لە بەرزەپردی شەقامی 120 مەترییەوە بە ئاراستەی بەحرکە داخرا و دەست بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی کرا. بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، قۆناخی دووەمی پڕۆژەکەش نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی بە یەکتر بەستنەوەی شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری بوو کە دەبێتەوە سووڕانەوەی یەکەم تاوەکو بەرزەپردەکەی شەقامی 150 مەتری.
 
پڕۆژەکە نزیکەی پێنج کیلۆمەترە و  گوژمەی ملیارێک و 900 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی تەرخانکرابوو. وەک ئومێد خۆشناو ئاماژەی دا، ''بێگومان شەقامەکە جگە لەوەی شەقامێکی سەرەکیی شاری هەولێرە، رێگەی سەرەکیی بەحرکەیە و چەندین گوند و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی دیکە بە یەکدییەوە دەبەستێتەوە.''
 
رێگەکە بە تەواوی هێڵکاری بۆ کراوە و شۆفێران دەتوانن لە ئەمڕۆوە هاتووچۆی پێدا بکەن. پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ''ئەو رێگەیە دەبێتە بەشێکی دیکە لە میکانیزمی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێوشار.''
 
تاوەکو تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رێگەکانی ''هەولێر-شەقڵاوە لە شەقامی 150 مەتری، رێگەی کۆنی بەحرکە و رێگەی 150 مەتری-گەزنە بۆ بەحرکە''ـی وەک رێگەی جێگرەوە بۆ هاتووچۆی شۆفێران پێشنیازکردبوو.
 
ئومێد خۆشناو لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە بە گوژمەی دوو ترلیۆن و 300 ملیار دینار، پڕۆژە لە هەولێر جێبەجێکراون و ''بێگومان ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو، ژمارەیەک لەو پڕۆژە ستراتیژییانە دەبنە بەشێکی گرنگ لە گەشەسەندنی شارەکەمان.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.