بەهۆی 'عەلاگەی ژەهراوی'ـیەوە رۆژانە زیاتر لە 5 ملیۆن دیناری خەڵکی هەولێر بەفیڕۆ دەچێت

18-08-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
عەلاگە نایلۆنییەکان لە گەرمادا ژەهراوی دەبن و بەڵام تائێستا لە نانەواخانەکانی هەولێر بەکاردەهێندرێن
عەلاگە نایلۆنییەکان لە گەرمادا ژەهراوی دەبن و بەڵام تائێستا لە نانەواخانەکانی هەولێر بەکاردەهێندرێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نانی گەرم و نەرم، یەک بە یەک دەخرێنە نێو ئەو عەلاگە نایلۆنانەی کە وەک 'ژەهر' وەسف دەکرێن و مەترسیی تەندروستییان هەیە. لە هەولێر، ئەم نەریتە باوە رۆژانە دەبێتە هۆی فڕێدانی نزیکەی 850 هەزار عەلاگە و بەفیڕۆچوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن دینار، هاوکات پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە کاریگەرییە ژەهراوییەکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ.
 
نەریتی بەکارهێنانی عەلاگەی نایلۆن لە سەموونخانە و نانەواخانەکاندا دەمێکە رەگی داکوتاوە و بووەتە بەشێک لە رۆژانەی کڕیار و فرۆشیار. ئەسعەد سدیق، نانەواچییەکە و بە رووداوی گوت: "بە دەگمەن کەسێک داوای عەلاگە نەکات، ئەگەر نا هەمووی داوای دەکات. بە نزیکەیی رۆژانە 600 بۆ 700 عەلاگە بەکاردەهێنین."
 
ئەم خەرجییە بۆ خاوەن کارەکانیش بووەتە بارگرانی. کەمال عوسمان، خاوەنی سەموونخانەیەکە لە گەڕەکێکی قەرەباڵخی هەولێر، دەڵێت مانگانە زیاتر لە 100 دۆلاری بۆ کڕینی عەلاگە دەڕوات و باس لەوە دەکات: "کابرا داوای 10 سەموون بکات عەلاگەیەک دەبات، دوو سەموونیش ببات هەر عەلاگەی دەوێت، واتە هیچیان بێ عەلاگە رازی نییە."
 
ئەم بەکارهێنانە بەربڵاوە، زیانێکی گەورەی ئابووریشی هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، نرخی هەر فەردەیەک عەلاگە لە بازاڕدا نزیکەی 30 هەزار دینارە و 5 هەزار عەلاگەی تێدایە، ئەمەش واتای ئەوەیە نرخی هەر عەلاگەیەک 6 دینار دەکەوێت.
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 1700 سەموونخانە و نانەواخانە هەن. ئەگەر بە تێکڕا هەر یەکێکیان رۆژانە تەنیا 500 عەلاگە بەکاربهێنن، ئەوا کۆی گشتی دەکاتە 850 هەزار عەلاگە لە رۆژێکدا. بەمەش، رۆژانە 5 ملیۆن و 100 هەزار دینار تەنیا بۆ ئەو عەلاگانە خەرج دەکرێت کە دواتر دەبنە زبڵ و ژینگە پیس دەکەن.
 
بەڵام چارەسەری ئەم دیاردەیە لە کولتووری رابردووی کوردیدا هەبووە، ئەویش بەکارهێنانی پارچە قوماشێک بووە بە ناوی "سەرنان". هاوکات، ئێستا جێگرەوەیەکی مۆدێرن لە جیهاندا باوە، ئەویش "جانتای قوماش"ـە کە دەتوانرێت بە نرخێکی هەرزان بکڕدرێت و چەندین جار بەکاربهێنرێتەوە. ئەم جانتایانە دۆستی ژینگە و تەندروستین و هیچ زیانێکیان نییە.
 
رووداو لەبەردەم چەند نانەواخانەیەک، رای هاووڵاتییانی وەرگرت. زۆرینەیان هاوڕابوون لەسەر زیانەکانی نایلۆن. عیماد ئەحمەد گوتی: "هەر شتێک بۆ تەندروستی باش بێت بەکاری دەهێنین، بەڵام ئەم نایلۆنە باش نییە." رەمزیە سابریش ئاماژەی بەوە کرد کە "هەندێکجار ئەم نایلۆنە دەدڕێ و لە رێگە لە دەستم دەکەوێتە خوارەوە، ئەگەر کاخەز بوایە باشتر بوو."
 
لە کاتێکدا شەوقی محەمەد دەڵێت، تەنیا رێژەیەکی زۆر کەم لە خەڵک پەڕۆ بەکاردەهێنن، دایکی محەمەدیش جەختی کردەوە کە "لەگەڵ ئەم نایلۆنە نیم، باشترە کاخەز یان قوماش بێت."
 
پێشتریش وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016 بڕیارێکی دەرکردبوو بۆ بەکارهێنانی کیسی کاخەزی، بەڵام بەهۆی بەرزیی نرخییەوە، بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا. جەمشیر موشیر، ئەندامی ئەنجوومەنی سەموونخانەکانی هەولێر، هۆکارەکە بۆ رووداو رووندەکاتەوە و دەڵێت: "ئەگەر کیسەیەکی کاخەزی بەدەسکەوە بۆ دروست بکەن هاوشێوەی عەلاگە، ئەوا نرخی 50 دانەی دەگاتە 50 هەزار دینار، کە ئەمەش نرخێکی زۆر گرانە." ئەو پێیوایە باشترین چارەسەر ئەوەیە هاووڵاتییان خۆیان جانتای قوماش بەکاربهێنن.
 
مەترسییە گەورەکەش لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییانە. بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان، لە دروستکردنی نایلۆندا ماددەیەکی ژەهراوی بە ناوی (Bisphenol A - BPA) بەکاردێت. کاتێک نانی گەرم دەخرێتە نێو کیسێکی نایلۆنەوە، بەهۆی هەڵمەکەوە ئەو ماددە ژەهراوییە دەتوێتەوە و تێکەڵی نانەکە دەبێت و دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر جگەر، گورچیلە و سیستەمی زاوزێ دروست دەکات. جگە لەمەش، هەر کیسێکی نایلۆن بۆ شیبوونەوە لە ژینگەدا، پێویستی بە لانیکەم 500 ساڵ هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.