رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت، ''بەغدا بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بە لاوازبوونی خۆی دەزانێت.'' ئاماژە بەوەش دەکات، کورد فاکتەری سەقامگیرییە و ''ئەگەر دان بە مافەکانیدا نەنرێت، عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.''
ئەمڕۆ دووشەممە 18-08-2025 عەلی حوسێن، بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە رێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''کورد لە عێراق فاکتەری سەقامگیرییە و ئەگەر دان بە مافە رەواکانیدا نەنرێت، سەقامگیری لە عێراق نایاتە ئاراوە.''
بە گوتەی عەلی حوسێن، لەدوای 2014ـەوە رۆژانە دەسەڵاتدارانی حکومەتی فیدراڵی بە ''پیلان و داڕشتنی بەرنامە''، هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدەن.
بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی دا، ''ئەوان بەهێزبوونی ئێمە بە لاوازبوونی خۆیان دەزانن و بەردەوام کوردستان و بەتایبەتی پارتی دەکەنە ئامانج، بەڵام بێگومان هەر کاتێک کوردستان، پارتی و سەرۆک بارزانییان کردووەتە ئامانج، نیشانەی ئەوە بووە کە پێگەی هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە.''
عەلی حوسێن دڵنیایی دەداتە خەڵک کە ''بێگومان گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەن، ئاسۆی گۆڕانکاریی ناوچەکە و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان روونە، ئێمەش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گەلی خۆمان، هەرچی لە تواناماندا بێت، دەیکەین.''
بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەرامبەر بەغدا یەکڕیز بن و ''هەوڵ بدەین هەموومان پێکەوە داکۆکیکاری مافەکانی گەلی کورد بین.''
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی حوسێن باسی لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، کاری شاندەکانی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە باشی چوونەتە پێشەوە و ''ئەنجامی دوا کۆبوونەوەش ئەوە بووە کە هەوڵ بدەین مانگی ئەیلوول سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێ، ئەگەر ئەوە بکرێت هەنگاوێکی باشە.''
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێندراوە.
بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێگەخۆشکەر دەبێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا. هەروەها یەکگرتوو 7 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و گۆڕانیش 1 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ