رووداو دیجیتاڵ
رۆشنا شێرزاد
قایمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، ئاگرەکەی ناوچەی کۆکۆیی هەڵەبجە لە کۆنترۆڵکردندایە، جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانیشی هەبووە و هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئابی 2025 سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "ماوەی دوو رۆژە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی کۆکۆیی لە پارێزگای هەڵەبجە کەوتووەتەوە، هێشتا هۆکارەکەی دیارنییە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ زانینی."
سمکۆ سالار ئاماژەی بەوەش دا، هاونیشتمانییەک بەناوی ئاری موختار کە خۆبەخشانە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی داوە، گیانی لەدەستداوە و دەیان هێکتار زەوی و درەختی جووتیاران سووتاون. هەروەها چەندین ئەندامی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاوڵاتییانی خۆبەخش تووشی هەناسە تەنگی بوون و تەندروستییان تێکچووە.
قایمقامی هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، هەموو هێزی ئەمنی و تەندروستی، هاوڵاتییانی خۆبەخش و تیمەکانی بنکە و ناحییەکانی هەڵەبجە، تیمەکانی دارستان، هاوشانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵییان داوە و خۆبەخشانە ئامادەبوون بۆ یارمەتیدان.
ئاری موختار شاگردی چێشتخانە بوو، دوای کار چوو بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێک لە سنووری هەڵەبجە، بەڵام تەرمەکەیان بۆ خێزانەکەی گەڕاندەوە pic.twitter.com/qckr9UMncv
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 18, 2025
هەر لە ئاگرکەوتنەوەکەدا، قایمقامی هەڵەبجە سمکۆ سالار، لە کاتی هاوکاری کردنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە، تەندروستی تێکدەچێت، بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی هەڵەبجە دەکرێت.
ناوچەی کۆکۆیی دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە، گوندی چنارە و نەیجەلە و مۆردین سەر بە ناوچەی کۆکۆیین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ