رووداو دیجیتاڵ
لەکۆی 35 گوندی کوردیی سنووری قەزای دووبز، ئێستا تەنیا پێنج گوند خەڵکیان تێدا ماوە. چەخماخە یەکێکە لەو گوندانە و بەردەوام بەرەو چۆڵبوون دەچێت.
چۆڵبوونی گوندەکان بۆ هەڵبژاردن واتای فەوتانی دەنگی خەڵکی ئەو سنوورەیە، ئەگەر نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان، لە کۆی زیاتر لە 100 ماڵ لە چەخماخە، ئێستا تەنیا حەوت ماڵ ماونەتەوە، موختاری چەخماخە پێداگری لەسەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەکات.
عومەر شاسوار، موختاری گوندی چەخماخەیە و دەڵێت، "ئەو حەوت ماڵەی لێرە ماوین، نە خاکەکەمان جێدەهێڵین و نە دەڕۆین، دەچینە سەر سندووقی دەنگدانیش."
چەخماخە لەدوای ساڵی 2017ـەوە بە دوو قۆناخ چۆڵکرا، دوایینجار بەهۆی هێرشی گرووپێک چەکدارەوە چوار گەنج شەهیدبوون، ئیدی خەڵکەکەش بێهیوابوون لە مانەوەیان.
بەشێکی خەڵکی چەخماخە و ئەو سنوورە ئاوارەی کەرکووک بوون، ئێستا لەنێو شار سەرقاڵی دروستکردنی خانوون، پورە سەبیحە بنەیەکی لە گوندەکە ماوە و لە گەڕەکی رەحیماواش بنەیەکی دیکە دادەمەزرێنێت، ئەو بە حەسرەتەوە باس لە دڵگیریی گوندەکەی دەکات.
پورە سەبیحە گلەیی لە لایەنە کوردییەکانە کە هەریەکەیان بەدوای بەرژەوەندییەوەن. بە ئومێدی باشبوونی دۆخەکەش بەشداریکردن لە دەنگدان بە ئەرک دەزانێت. دەڵێت، "چۆن دەنگ نادەین، کورد ئەگەر ئازابێت، چەندێ دەنگ بدەین قازانجە."
لایەنە کوردییەکان جگە لە بەرنامە گشتییەکەیان بۆ پەرلەمان، پرسی ئەمنی و دۆخی نەخوازراوی پارێزگای کەرکووکیان لە هەگبە ناوە تاوەکو خەڵک لەو دۆخە رزگاریان بێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی لە کەرکووک دەڵێت، "لەسەر خەت بووین بەردەوام، وەک ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی کەرکووک، من هەفتەی رابردووش لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و نەینەواش قسەم کردووە، جیا لەوەی پێشمەرگە و سوپا هاوئاهەنگ بن، چونکە بەبێ پێشمەرگە ناوچەکە ناپارێزرێت."
بۆ هەڵبژاردنی 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، پێویستە خەڵکی ئەو گوندانەی چۆڵکراون لە نزیکترین بنکەی سەر بە ناوچەکانی خۆیان دەنگ بدەن، ئەگەرچی هەندێ لە خەڵکی ئەوێ بنکەکانیان گواستووەتەوە نێو شار، بەڵام بەشێکی زۆریان پێدەچێ بەو هۆیەوە نەتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ