رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 20 هەزار هاونیشتمانی بە دروستی فۆرمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە. دەشڵێت، بۆ تەواوکردنی شوقەکان، چاوەڕوانی بودجەی وەبەرهێنان دەکەن.
رۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023 توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 20 هەزار هاونیشتمانی فۆرمی وەرگرتنی شوقەیان بە قەرزی درێژخایەن پڕکردووەتەوە و کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە.
توانا بەشیر دەڵێت، ژمارەی شوقەکان 9004 شوقەیە؛ بەشێکیان 95%ی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و بەرەو خوارتر تەواو بووە تاوەکو دەگاتە 13%.
لەبارەی کاتی تەواوبوونی شوقەکان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئێستا بەشێکی کەمیان کاریان تێدا دەکرێت. بۆ تەواوکردنی هەموویان چاوەڕوانین بودجەی وەبەرهێنان لە عێراقەوە بێت."
تاوەکو 4ـی ئەیلوول، لە هەولێر 7 هەزار و 536 داواکاری؛ لە سلێمانی 6 هەزار و 326 داواکاری؛ لە دهۆک 2 هەزار و 47 فۆرم و لە هەڵەبجەش 190 فۆرمی داواکردنی وەرگرتنی شوقە پڕکراونەتەوە. لە ئیدارە سەربەخۆکانیش لە ئیدارەی گەرمیان 825 فۆرم؛ ئیدارەی سۆران 459 فۆرم؛ ئیدارەی زاخۆ 385 فۆرم و لە ئیدارەی راپەڕینیش 195 فۆرمی داواکردنی شوقە بەبێ پێشەکی پڕکراونەتەوە.
نرخی شوقەکان جیایە و بەگوێرەی پڕۆژەکانە. بەگوتەی توانا بەشیر، هیچیان پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر) بێت، ئەو کەسەی وەری دەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
8ی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەم دەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لە ئەمڕۆوە دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە."
بەگوێرەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، پڕکردنەوەی فۆرمەکە تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، هەرکەسێک لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمدا کۆدەکەی بۆ نەگەڕێتەوە لە رێگەی ئیمەیلەوە، یان لەنێو ماڵپەڕەکەدا کاتێک فۆڕمەکە پڕدەکاتەوە، ناوی ناچێتە سیستمی تیروپشک بۆ وەرگرتنی شوقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ