رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سنووری پارێزگاکە دەکات و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان دەکات، "وڵاتەکەمان لە هەر ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدووربگرن و شکۆ و سەروەریی نیشتمانیی وڵات بپارێزن."
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت رایگەیاند: "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەتووندیی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێر و هەموو ئەو سنووربەزاندن و پەلاماردانانەیشی لە رابردوودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان."
کاژێر 04:05ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە.
لای خۆیەوە، دژە تیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. دژە تیرۆر هەڕەشەشی لەو لایەنانە کرد کە هاوکار بوون لە رووداوەکەدا و دەڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات."
پارێزگاری سلێمانی داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات، "رێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بگرن، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادیی و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنن و خۆیان و وڵاتەکەمان لە هەر ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدووربگرن و شکۆ و سەروەریی نیشتمانیی وڵات بپارێزن."
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، "هاوخەمیی و پەژارە و پرسەی فەرمیی خۆمان بۆ شەهیدانی ئەم رووداوە نەخوازراوانە دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ