رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی بە "پێشێلکاری"یەکی روونی سەروەرەیی عێراق ناودەبات و دەڵێت: "دەبێت ئەو پێشێلکارییانە رابگیرێن."
شەوی دووشەممە، 18-9-2023، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "سەروەریی عێراق و بەرگریکردن لێی لەو نەگۆڕانەیە کە سازشی لەسەر ناکرێت، تەنانەت موجامەلەشی تێدا ناکرێت، بۆیە ئەوەی لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی روویدا بە پێشێلکارییەکی روونی عێراق دەزانین."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق دەشڵێت: "پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق و سەرجەم هێزە سیاسییەکان یەکڕیزبن بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی هەیە."
کاژێر 04:05ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن کراوە.
دژە تیرۆری گشتی هەرێمی کوردستان (CTG) لەبارەی بۆردوومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون.
دژە تیرۆر هەڕەشە لەو کەس و لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون لە رووداوەکەدا و دەڵێت: "ئەو تاوانە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی کرا، بەبێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ