بەرهەمی نێوخۆی ماسی ساڵانە 700 تۆنە؛ بەراورد بە پار نرخی کیلۆیەک 50% بەرزبووتەوە

18-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وێڕای گرتنەوە و کەمکردنەوەی ناوبەناوی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، هەروەها کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ژمارەی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بوون. سەرپەرشتیارێکی بەخێوکردنی ماسی دەڵێت، بەراورد بە پار، نرخی کیلۆیەک ماسی زیاترە لە دوو هێندە. بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، بەرهەمی ساڵانەی ماسی 7000 تۆنە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، زۆرترین پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە سنووری قەزای کۆیەن. ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023، هاوکار جەعفەر، سەرپەرشتیاری بەخێوکردنی ماسی لە حەوزەکانی سنووری تەقتەق و کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سامانی ماسی لە سنووری ئێمە زیاتر بووە. زیاتر لە 10 ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەم و هیچ کاتێک وەکو ئەمساڵ نەبووە."
 
"لە سنووری کۆیە زیاتر لە 2000 حەوزی ماسی هەن"
 
هاوکار جەعفەر کە بڕوانامەی ماستەری لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی هەیە و خوێندکاری دکتۆرای هەمان بوارە، دەڵێت، ساڵانی رابردوو نزیکەی 1500 حەوزی ماسی لە سنووری کۆیە و تەقتەق هەبوون، ئێستا بە مۆڵەتدار و بێ مۆڵەتەوە دەگەنە زیاتر لە 2000 حەوز، چونکە نرخی ماسی باشە و خەڵکێکی زۆر روویان لەم کارە کردووە و بەردەوام حەوزەکان زیاتر دەبن.
 
هاوکار جەعفەر گوتی، "ساڵی رابردوو لە وەرزی هاویندا کیلۆیەک ماسی بە نزیکەی 3000 دینار لە حەوزەکان دەفرۆشرا، ئێستا کیلۆیەک لە حەوزەکان بە کۆ 7000 دینارە؛ لە بازاڕەکانیشدا کیلۆیەک ماسی لەنێوان هەشت بۆ نۆ هەزار دیناردایە."
 
تەقتەق و کۆیە زۆرترین حەوزی ماسییان تێدایە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی حەوزەکانی ناوچەکە زێی بچووکە، هەندێک حەوزی "زۆر کەم"یش هەن پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ: زۆرینەی حەوزەکانی ماسی لە هەرێمی کوردستان بێ مۆڵەتن
 
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەرێمی کوردستان 412 حەوزی ماسی هەن کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و کار دەکەن.
 
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ژمارە و بەرهەمی حەوزە بێ مۆڵەتەکان زۆر زیاترە لەوانەی مۆڵەتیان هەیە. بەشێکیان مەرجەکانی مۆڵەتیان نییە؛ بۆیە مۆڵەت وەرناگرن؛ بەشێکیشیان هەر نایانەوێت مۆڵەت وەربگرن، ئەگەر مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەتیشیان هەبێت."
 
ساڵانە نزیکەی 7 هەزار تۆن ماسیمان هەیە
 
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەرهەمی 412 حەوزی مۆڵەتداری ماسی ساڵانە 3315 تۆنە، لەگەڵ بەرهەمی بێ مۆڵەتەکان و ئەوانەی راو دەکرێن لە دەریاچەکان ساڵانە بەرهەم دەگاتە 7000 تۆن ماسی.
 
سیروان سەعید ئاماژەی بە پێداویستی نێوخۆ بۆ گۆشتی ماسی کرد و گوتی، ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 12 هەزار تۆن ماسی هەیە. ئەوەی نێوخۆ پڕی ناکاتەوە لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق، هەروەها ئێران و "بەشێکی زۆر کەمیش لە تورکیاوە بە زیندوویی هاوردە دەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.