لەمەودوا رۆژانە کاژێرێک هاتووچۆی بارهەڵگر لە سەنتەری شاری سلێمانی قەدەخە دەکرێت

18-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن، رۆژانە کاژێرێک هاتنەناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو سەنتەری شار قەدەخە دەکرێت.
 
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، رۆژی 21-09-2025، وەرزی نوێی خوێندن دەبێت لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بەهۆی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن و لە بەرژەوەندیی قوتابیان، بڕیارمان دا هاتنەناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو شاری سلێمانی لە رێگەی بازگەکان و سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود، لە کاژێر 07:30 بۆ 08:30 جگە لە رۆژانی هەینی قەدەخە بکرێت''.
 
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی گوتی: ''لە یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکرێت و لە بازگەکان رێگە بە بارهەڵگرەکان نادرێت بێنە ناو شار''.
 
بە گوتەی بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەم بڕیارە بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و گرفتی هاتووچۆیە. گوتیشی: ''ئەم کارە لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی هاتووچۆی بازگەکان و هەردوو هاتووچۆی ناوشاری (رۆژهەڵات و رۆژئاوا) جێبەجێ دەکرێت و بەرامبەر هەر سەرپێچییەک لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێت''.
 
وەکو گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی گوتی: ''ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندن ئەم بڕیارە دەدرێت و تاوەکو پشووی هاوین جێبەجێ دەکرێت''.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات رەچاوی رێژەی خێرایی بکەن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم ناوەندەکانی خوێندن و ئاگاداری منداڵان و پیادەڕەوەکان بن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: ''داوا لە شۆفێرانی ئەو پاسانە دەکەین کە منداڵ و قوتابی دەگوازنەوە، رەچاوی ژمارەی یاسایی خوێندکاران لەنێو پاسەکانیان بکەن و سەرنشینی زیادە هەڵنەگرن. رێگە بە منداڵان نەدەن بەشێک لە جەستەیان لە پەنجەرەکان بهێننە دەرەوە و لە شوێنی خۆیان دابنیشن. لە کاتی سەرکەوتن و دابەزین لەبەردەم قوتابخانەکان ئاستەنگ دروستنەکەن. مەفرەزەکانی هاتووچۆی ناوشار لە کاتی سەرپێچیکردنی شۆفێرەکان، لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکەن''.
 
زیاتر لە 400 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەزار و 410 قوتابخانەدا دەخوێنن؛ ئەمە جگە لە پەروەردەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە

ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان