رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە دەڵێت، پێویستە 10 بۆ 15 قوتابخانەی سنوورەکە نۆژەن بکرێنەوە و حەوت قوتابخانە و باخچەی نوێش لە سنوورەکە دروست بکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-09-2025، سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پیشکێشی کرد، لەبارەی کێشەی کۆنی و کەمیی قوتابخانەکان لە سنوورەکە رایگەیاند: '' زۆر پێویستمان بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانە.''
بەگوتەی سۆران عومەر، نۆژەنکردنەوەی نۆ قوتابخانە و باخچەی منداڵان بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە و ''لەنێو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەش پێویستمان بە دروستکردنی دوو باخچەی منداڵان و دوو قوتابخانەی 18 پۆلییە.''
وەک بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە گوتی، تاوەکو ئێستا لە ناحیەی سیروانی سەر بە پارێزگاکە باخچەی منداڵان نییە و پێویستە دروست بکرێت، هەروەها لە خورماڵیش کە کراوەتە قەزا، پێویستیان بە دروستکردنی دوو قوتابخانەی 18 پۆلییە.
سۆران عومەر ئاماژەی بەوە کرد، ''بە گشتی 10 بۆ 15 قوتابخانە لە سنووری پارێزگاکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و ئێستا لە رێگەی پارێزگارەوە چوار قوتابخانە نۆژەن دەکرێنەوە.''
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، خێرخوازان و ژمارەیەک لە رێکخراوەکان بەردەوامن لە هاوکاریکردنی کەرتی پەروەردە بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان.
بڕیارە 21ـی ئەیلوول زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لێبدرێت. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە باشووری کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە قوتابخانەکاندا دەخوێنن، لەو ژمارەیە نزیکەی 150 هەزاریان لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردین لە ناوچە کێشە لەسەرەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ