رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، 28 قوتابخانەی نوێ بۆ خوێندنی ئەم ساڵ ئامادەن و ژمارەیەک قوتابخانەی دیکەش کاریان تێدا دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2025ـدا 28 قوتابخانەی نوێ تەواو بوون و بۆ خوێندنی ئەم ساڵ ئامادەن، هەروەها 30 قوتابخانەی دیکەش ئێستا کاریان تێدا دەکرێت و تەواو نەبوون".
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 242 قوتابخانە دروستکراون.
سەبارەت بە وەرگرتنی قوتابیانیش ئەو سەرچاوەیە گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 150 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تۆمارکراون."
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار قوتابخانەی نوێ تەواو بوون؛ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانیش بەردەوامە".
بە گوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، تاوەکو 8ـی ئەم مانگە 26 هەزار و 988 قوتابی لە قۆناخی یەکی بنەڕەتی و باخچەکانی منداڵان ناویان تۆمار کردووە.
نەژاد عەبدوڵڵا گوتی: "ئەم ساڵ زیاتر لە 417 هەزار و 345 قوتابی لە سنوورەکەمان دەخوێنن".
زیاتر لە 400 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەزار و 410 قوتابخانەدا دەخوێنن، ئەمە جگە لە پەروەردەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.
هەروەها لە کۆی نزیکەی 6 هەزار قوتابخانەی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک بۆ رووداو، هەزار و 470 قوتابخانە لە سنووری پارێزگاکەدان و زیاتر لە 400 هەزار قوتابی تێیاندا دەخوێنن.
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، 21ـی ئەیلوولی 2025، دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن دەبێت لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ