رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی شەممە باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەک بکات و ژمارەیەک لە ئەندامانی بزووتنەوە کۆبکاتەوە.
باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە رەخنە لە کۆبوونەوەکە دەگرێت و دەڵێت، "کاتێک پەیوەندی بە هەڵسوڕاوانەوە دەکەن، دەڵێن کۆبوونەوەی هەردوو لایە یان بۆ ئاشتەواییە، ئەمەش دوورە لە راستییەوە." بەڵام بەرپرسێکی باڵی کوردسات ئاماژە بەوە دەکات، کۆبوونەوەکە بۆ پلاندانان و راوێژکردنە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
باڵی زەرگەتە: کۆبوونەوەکە نە کاری پێکەوەییە و نە بۆ ئاشتەواییە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، "دەنگۆی ئەوە هەیە رۆژی شەممە، لە شاری سلێمانی پێشێلکارانی دەستووری گۆڕان و بەرنامەی سیاسی و هەموو بنەماکانی یاسا و کاری رێکخراوەیی، کۆبوونەوەیەک بە ناونیشانی خۆ رێکخستنەوە، کاری پێکەوەیی و ئاشتەوایی لە شاری سلێمانی بکەن."
باڵی گردی زەرگەتەی گۆڕان بە چەند خاڵێک باسی لەو کۆبوونەوەیەی رۆژی شەممەی داهاتووی باڵی کوردساتی بزووتنەوەکە کردووە و دەڵێت:
1- ئەو کۆبوونەوەیە کە جارێک ئەڵێن پلینیۆمە (پلینیۆم لە دەستووری گۆڕان هەر نییە)، یان کۆبوونەوەی فراوان یان کۆنفرانس هیچ پەیوەندییەکی بە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە گردی زەرگەتەوە نییە. نە کاری پێکەوەییە و نە بۆ ئاشتەواییە.
2- کاتێک پەیوەندی لەگەڵ هەڵسوڕاوان دەکەن، بە درۆ دەڵێن کە کۆبوونەوەی هەردوو لایە یان بۆ ئاشتەواییە. ئەمەش دوورە لە راستییەوە و ئەو بەڕێزانە هەرچی پرۆژەی ئاشتەوایی هەیە رەتیانکردووەتەوە.
3- لە 13ی 4ی 2025 هەموو سیفەتێکی یاساییان لەدەستداوە، ئەمەش بە نووسراوی فەرمیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە لە فەرمانگەی گشتیی پارت و رێکخراوە سیاسیەکانەوە دەرچووە.
4- مەرامی پشت ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بۆ فریودانی گۆڕانخوازانە چونکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران 6 مانگ دەرفەت دراوە بە گۆڕان، تاوەکو کێشەکانی چارەسەر بکات. ئەم کارانە بۆ تێکدانی دۆخەکەیە.
5- ئاگاداری سەرجەم (هەڵسوڕاوان، مەکۆکان و ئەندامانی دەستەی گشتی) دەکەین، خۆیان بە دوور بگرن لە بەشداری لەو کۆبوونەوەیە، چونکە هیچ پەیوەندی بە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەوە نییە.
6- دووپاتی دەکەینەوە، پابەندین بە پەیام و بەرنامە و دەستووری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، هاوتەریب بە کردەوەش سەلماندوومانە پابەند بووین بە سەرجەم بڕیار و راسپاردە یاساییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا پەیڕەو کراوە.
باڵی کوردسات: بۆ راوێژکردن لەبارەی هەڵبژاردن کۆدەبینەوە
هاوکات، بەرپرسێکی باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی دەکرێت نە کۆنفرانسە و نە پیلینیۆم، کۆبوونەوەیەکە و تێیدا 2300 ئەندامی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەکانی گۆڕان کۆدەکەینەوە، بۆ پلاندانان و راوێژکردن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا دانا ئەحمەد مەجید گوتاری دەبێت و راپۆرتی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەخوێنرێتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان بووەتە دوو ئاراستە، یەکێکیان بە گۆڕانی گردی زەرگەتە و ئەوی دیکە بە گۆڕانی کوردسات دەناسرێت. هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان، ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە؛ لە گردەکە دەڵێن، بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت، ئاراستەکەی دیکەش دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
دواجار و دوای دوو کۆنفرانسی جیای دوو باڵی گۆڕان، 24ـی ئایاری 2025 لە شاری سلێمانی، کاژێر 08:00ـی بەیانی دەرگای چوونەژوورەوە بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوە بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە، بەڵام بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو باڵەکە کۆنفرانسەکە دواخرا.
رۆژی 25ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دراوە 6 مانگ مۆڵەت بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، تاوەکو کۆنگرەی گشتیی حیزبەکە ببەستێت.
بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونیەوە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، دوای تەواوبوونی رێژەی یاسایی لە کۆی گشتیی ئامادەبووان، بڕیارەکانی کۆنگرەکە بە زۆرینەی رەهای ئامادەبووان پەسند دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ